وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەی راگەیاند

:: PM:03:26:17/04/2024 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری رای دەگەیەنێت، لە سبەی 18ـی مانگ پێشبینی دەكەین عێراق دەست بە ناردنی پارە بکات و سەرەتاش مووچەی خانەنشینی دێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی نیسان، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، پرسی مووچە بە تەواوەتی چارەسەر بووە.

زیاتر گوتی، لە سەردانەكەی ئەم هەفتەیەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بووە و پرسی مووچە چیتر نابێتە گرفت، چونكە مافێكی بنەڕەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی عێراق مانگانە لە دوای 18ـی مانگەوە مووچە دابەش دەكات. سەرەتا مووچەی خانەنشینان بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، دواتر مووچەی وەزارەت و فەرمانگەكانی تر دەنێرێت. بەو پێوەرە بێت، دەبێت هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی مووچە لە عێراق دەست پێ بكات و ئێمەش تا ئەو كاتە هەموو ئامادەكارییەك دەكەین بۆ ئەوەی لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا بكەین، تا لە كاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكەین.

ئەو بەرپرسەی وەزارەت رای گەیاند، خەرجكردنی مووچەی هەرسێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو، ئیشی بۆ كراوە، ، پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای خەرجكردنی ئەو سێ مووچەیەی كردووە، تا ئێستە وەڵامێكی ئەرێنیمان بەدەست نەگەیشتووە كە چۆن مامەڵە (لەگەڵ ئەو سێ مووچە) دەكرێت.





وشە - رامیار جەواد