"ئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ واشنتن زۆر بە باشی رەنگی دایەوە و شوێنی خۆی گرت"

:: PM:09:47:17/04/2024 ‌

سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بۆ واشنتن و دروستكردنی پێوەندی و پاڵپشتیی بۆ هەرێمی كوردستان و دانیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا، بووە هۆی ئەوەی ئەمەریكا لە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە گرنگییەوە باس لە هەرێمی كوردستان بكا و دووپات لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بكاتەوە، پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان پێی وایە ئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ واشنتن زۆر بە باشی رەنگی داوەتەوە و شوێنی خۆی گرتووە.

سەرەڕای پێوەندییە دیپلۆماسییەكان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكە توانی پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بێنێت، هاوكات دروستكردنی پێوەندیی زیاتر و گرنگیدان بە چارەسەركردنی كێشەكان، كە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم دروست دەكرێن.

لەوبارەوە د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەمیشە هەوڵ و تواناكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەوە بووە كە چۆن پشتیوانیی زیاتر بۆ كوردستان بەدەست بێنێت و هەرێم بكاتە هاوپێوەندیی وڵاتە گەورەكان، بۆ ئەوەی پردی پێوەندی دروست بكرێت و پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوەشمان لە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ واشنتن بینی كە چۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێم دووپات كردەوە و باسی لە پێوەندیی بەهێزی هەردوولا كرد.

زیاتر گوتی، ئەو هەوڵانەی سەرۆكی حكوومەت بە ئاكام گەیشتن، تەنانەت لەكاتی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بۆ ئەمەریكا، لەوێ باس لە هەرێمی كوردستان كراوە و ئەمەش دەری دەخات كە ئەمەریكا مكوڕە لەسەر ئەوەی بەغدا كێشە بۆ هەرێم دروست نەكات و ئەوەشی هەبووە چارەسەر بكرێت، بۆیە ئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت زۆر بە باشی رەنگی داوەتەوە و شوێنی خۆی گرتووە.

ئەندامەكەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی كردەوە، ئێستە وڵاتان پشتیوانیی هەرێمی كوردستان دەكەن و بەغدا ناتوانێت ئەوەی بیەوێ بەسەر هەرێمیدا بسەپێنێت و بڕیار دژ بە هەرێم دەربكات، كە ئەمەریكا باس لە چارەسەری كێشەكە دەكات، ئەوە بەشێوەیەكی سیاسییە و رەنگە بەشێكیش بێت لە داواكاری و راسپاردەكانی ئەمەریكا بۆ سوودانی، كە دەبێت كێشەكان چارەسەر بكرێن،  ئەوەش بە روونی لە بابەتی مووچە كە چەندین مانگە بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستانی دەكات.

پێوەست بەو بابەتەوە دڵشاد نامیق، ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، ئاستی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە زۆر پێشكەوتووە و كرانەوەیەكی گەورە بە رووی دنیای دەرەوە هەیە، هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز پێوەندیی دروست كردووە و گەیشتووەتە ئاستێك كە سەرۆكی حكوومەت شانبەشانی وڵاتانی زلهێز بەشداری كۆڕبەند و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان دەكات و را و بۆچوونی خۆی دەدات.

ئاماژەی كرد، هەڵكەوتوویی هەرێمی كوردستان و ناوچە جوگرافییەكەی، وای كردووە هەرێمی كوردستان گرنگی پێ بدرێت و تەنیا سەردانە فەرمییەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەمەریكا، كە گەورەترین وڵات و دەسەڵاتی دنیای بە دەستەوەیە، بۆ خۆی ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەرێم لەو چوارچێوەی 10 بۆ 15 ساڵ پێش ئێستە نەماوە و خاوەن جێگە و پێگەی تایبەتە، بۆیە گرنگیدانی وڵاتان بە هەرێمی كوردستان و فراوانبوونی ئاسۆی پێوەندییەكان بەهۆی كاركردنی بەردەوام بووە.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، ئێستە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی بەهێزبووندایە و هەنگاوی گەورە نراون، پێوەندی لەگەڵ وڵاتان كاریگەریی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان دروست كردووە و بەردەوام نوێنەری وڵاتان و نێردە دیپلۆماسییەكان دێنە هەرێمی كوردستان و بە دڵنییایەوە ئەوەش حیسابكردنە بۆ هەرێمی.

دووپاتی كردەوە، ئێستە هەرێمی كوردستان بە فەرمی لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێت، پشتیوانیكردنیش بە مانای پاڵپشتی و گرنگیدانە، هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت لەو چوارچێوەیە بوونەتە جێگەی دڵخۆشی بۆ ئەوەی دژایەتیكردنی كوردستانە بەردەوامی پێ نەدرێت، وەك ئەوەی لە رابردوو كراوە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل