حكوومەتی عێراق: لە سەردانەكەی ئەردۆغان سوپرایزێكی گەورە هەیە

:: PM:09:06:21/04/2024 ‌

ئەگەرچی شارەزایان بەهۆی زۆری و ئاڵۆزیی تەنگژەكان و پێوەستبوونی هەندێكیان بە بڕیاری ئێران و ناكۆكیی ناو ماڵی شیعەوە، زۆر گەشبینین نین لە چارەسەربوونی تەنگژەكانی نێوان عێراق و توركیا لە سەردانەكەی سبەی دووشەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ئاماژە دەكات كە سەردانەكە مێژووییە و سوپرایزی گەورە لە پێوەندیی هەردوو وڵات لەخۆ دەگرێت. 

باسم عەوادی، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق لەبارەی سەردانەكەی سبەی سەرۆكی توركیا دەڵێت، سەردانێكی مێژووییە، تیایدا رێڕەوی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات دیاری دەكات بە شێوەیەك پێشتر شتی وا نەبووە، ئەو قسانەش بۆ گەورەكردنی بابەتەكە نییە و بەڵكو راستییە، سەردانەكەی سبەی ئەو بابەتە بۆ هەمووان بەدیار دەخات.

روونی كردەوە، سەردانەكە واژووكردنی دوو رێككەوتن و نزیكەی 25 یاداشتی لێكگەیشتن لەخۆ دەگرێت، ئەوانەش برەو بە پێوەندییەكانی عێراق و توركیا دەدەن، دووپاتی لەوەش كردەوە كە لە سەردانەكەی سەرۆكی توركیا سوپرایزێكی گەورە هەیە، بەتایبەتی پێوەست بە دۆسیەی ئاو، هەرچی رێككەوتن و یاداشتەكانی ترە زیاتر پێوەستن بە ئاسایش و ئابووری و رێگەی پەرەپێدانەوە.

گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە سبەی دووشەم رۆژێكی گرنگ دەبێت بۆ داڕشتنەوەی شێوازی پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و سوپرایز و واژووكردنی رێككەوتنی تیا دەبێت، كە یەكەم جارە لە نێوان هەردوو وڵات روو دەدەن.

شارەزایان پێیان وایە سەردانەكە بۆ حكوومەتی سوودانی گرنگە، چونكە لەلایەك توركیا وڵاتێكی گرنگی ناوچەكەیە و ئەگەر بتوانێت ئەو تەنگژانە چارەسەر بكات، دەبێتە دەستكەوتێكی گرنگ بۆ خۆی و حكوومەتەكەی و داهاتووی سیاسیی خۆی، بەتایبەتی كە 13 ساڵە ئەردۆغان نەهاتووەتە عێراق، لەلایەكی تر بۆ سووككردنی گوشاری میلیشیاكان و هێزە شیعەكان لەسەری سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەكەی بۆ واشنتن، كە تیایدا بەهیچ شێوەیەك باسی كشانەوەی ئەمەریكا و لابردنی سزاكانی لەسەر بانكە تایبەتەكان عێراق نەكراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل