"حزب هەیە بە وشەیەكیش باسی مامەڵە خراپی بەغدای نەكرد كەچی خۆی دەكاتە خاوەنی دەستەكەوتەكان"

:: PM:09:59:21/04/2024 ‌

هەر رێككەوتن و دەستكەوتێك هەبێت لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت، چونكە تەنیا حكوومەت لەناو ئازاری خەڵكدا دەژیت و هەستیان پێ دەكات، لەوكاتەی حزب تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی شتەكان دەقۆستەوە، پەرلەمانتارێكی پێشوو ئاماژە دەكات كە ئەوەی ئەمجارە سەرۆكی حكوومەت لەبارەی چارەسەریی كێشەی مووچەی فەرمانبەران كردی، دوورخستنەوەی دەستی حزب بوو لەو بابەتە، چونكە ئەوە كاری حزب نییە.

بەپێی قسەی شارەزا و پەرلەمانتاران ئەو رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان كە ئەمجارە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا كرا، كاتێك  حكوومەت دەستی حزبی لەو رێككەوتنانە دوور خستەوە و خۆی بە كارەكە هەستا، ئەوە بووە هۆی ئەوەی دەستكەوتی گەورە بەدەست بێت و بۆ هەمیشە كۆتایی بە كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بهێنرێت.

ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاستی هەردوو حكوومەتە، هەر كێشە و پرس و بابەتێك هەبێت لە نێوان هەردوو حكوومەت چارەسەر دەكرێن، بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ هەرێم، بەغدا لەگەڵ حزب مامەڵە ناكات، هاوكات حكوومەتی هەرێمیش بۆ چارەسەری كێشەكان شاندی حزبی نانێرێت، چونكە ئەگەر حزب بیەوێ شتێك بكات، بە دڵنییاەوە بۆ بەرژەوەندی و مەرام و ئامانجی خۆی دەیكات و چەواشەكاری بەسەر خەڵكەوە دەكا و بەرژەوەندیی خۆی پێش بەرژەوەندیی گشتی دەخات.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی ئەمجارە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەبارەی چارەسەریی كێشەی مووچەی فەرمانبەران كردی، دوورخستنەوەی تەواوەتی دەستی حزب بوو لەو بابەتە، حزب بۆی نییە خۆی بكاتە خاوەنی دەستكەوتەكان، چونكە ئەوە كاری حزب نییە، بەغدا چەندین مانگ ستەمی لە فەرمانبەران كرد، كەچی هیچ حزبێك نەبوو بێت بەرانبەر بەو ستەمە بوەستێتەوە، تەنانەت حزب هەیە بە وشەیەكیش باسی ئەو مامەڵە خراپەی بەغدای نەكرد و ئێستەش دەیەوێ خۆی بكاتە خاوەنی ئەو دەستەكەوتە.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە دەكات، حكوومەتی هەرێم بە هەوڵی بەردەوام و چوونی شاندی حكوومەت بۆ بەغدا، لەسەر داوای سەرۆكی حكوومەت، بووە هۆی ئەوەی كێشەكان چارەسەر بن، چونكە ئەگەر بڕیار بێت حزب سینگ دەرپەڕێنێت و بڵێت من كردوومە، ئەی ئیشی حكوومەت چییە؟، بەغداش بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حزبدا ناكات و هەر شتێك بێت لە نێوان هەردوو حكوومەت گفتوگۆی دەكرێت.

لای خۆیەوە رێبین سالم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، كاتێك حكوومەت كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر كرد و كۆتایی بەو تەنگژەیە هێنا، خزمەتێكی گەورەی بە خەڵك و فەرمانبەران كرد، ئەمە حكوومەت پێشكەشی خەڵكی كرد، چونكە دەزانێت چی بۆ خەڵك باشە و چی خزمەت بە خەڵك دەكات، بابەتەكە گرنگ و پێوەندیدار بوو بە ژیانی خەڵك، حكوومەت رێگەی نەدا حزب كاری تێدا بكا و دواتر گرفت دروست بكات و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاری بێنێت، بۆیە ئەگەر حزب لە كارەكە بەشدار بووایە، بە دڵنیاییەوە یان تێكی دەدا، یان ئەوەتا سەرەتا بەرژەوەندیی خۆی پێش دەخست، دواتریش دەیكرد بە موزایەدە بەسەر خەڵكەوە.

پێوەست بە بابەتەكە پشتیوان مستەفا، فەرمانبەر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، حكوومەت رێككەوتنێكی كرد و رێگەی نەدا حزب دەستی تێ بخات، دەستكەوتیشی بۆ خەڵك هێنا، چونكە هەر رێككەوتنێكی حزبی ئەگەر كرابێت، یان بۆ بەرژەوەندی بووە یان هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە ئەوە حكوومەتە دەزانێت چی لە بەرژەوەندیی خەڵكە.

دووپاتی كردەوە، ئەوەی ئەمجارە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو و وای كرد كۆتایی بە كێشەی دواكەوتنی مووچە بێنێت، ئەوەی كرا بەتەواوی بۆ خزمەتی خەڵك بوو، ئەمە دڵنیاییەكە بۆ خەڵك بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانە لە نێوان خەڵك و حكوومەت هەڵبكشێت و رێگە نەدرێت حزب دەستی لەو كارانەدا هەبێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت