ئەمڕۆ ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات

:: AM:09:18:22/04/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر بكات و لەگەڵ بەرپرسان كۆ ببێتەوە و چەند پرسێك دەخرێتە بەرنامەی گفتوگۆ.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، بڕیارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای وڵاتەكەی، بە فڕۆكەیەكی سەربازیی دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دواتریش  سەردانی هەولێر دەكات .

ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و شاندە یاوەرەكەی، لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازیان لێ دەكرێت، دوای كۆبوونەوەشی لەگەڵ سەرۆك كۆمار، بەغدا جێدەهێڵێت و سەردانی هەولێر دەكات.

بەشێك لە بەرنامەی سەردانەكەی ئەردۆغان جگە لە ئەنجامدانی چەند رێككەوتنێك، بڕیارە وەك ڕێزگرتنێك سەردانی گۆڕستانی عوسمانییەكان بكات كە دەكەوێتە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا.

بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهان و بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە، بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، گفتوگۆی كۆتایی لەبارەوە دەكرێ‌.



وشە - رامیار جەواد