پەرلەمانتارێكی پێشوو: دەستوەردان لە هەڵبژاردن كراوە و ناكرێ لێی بێدەنگ بین

:: PM:10:06:22/04/2024 ‌

شارەزا و پەرلەمانتاران لەبارەی بەشدارینەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكەن كە ئەو حزبە مافی خۆیەتی بەشداری لە پرۆسەكە نەكات، چونكە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكە كراوە و مەترسی لەسەر هەیە، دووپاتی دەكەنەوە كە هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵاتی خۆیەتی و دادگای فیدراڵیش مافی ئەوەی نییە دەستوەردان بكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری دا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان نەكات، چونكە پێی وایە پێشوەختە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و نەخشەی سیاسیی داهاتوو داڕێژدراوە، دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكە بۆ بەرژەوەندیی چەند لایەنێك كراوە.

لەوبارەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكانی ئەو دواییەی دادگای فیدراڵی نادەستووری و نایاسایی بوون، دەستوەردان بوو لە دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی هەرێم هیچ پێوەندییەكی بە دادگای فیدراڵی نەبوو و ئەوە كاری پەرلەمانی عێراق بوو، چۆن دەبێت دادگای فیدراڵی لەبارەی پەرلەمانی كوردستان قسە بكات و بڕیار بدات، هەروەها سیستمی هەڵبژاردن بگۆڕێت و دەستكاری كورسیی كۆتاكان بكات و نەیانهێڵێت.

باسی لەوەش كرد، ئەوە كاری دادگای فیدراڵی نەبوو كە هەڵبژاردن بكاتە چوار بازنە، بۆیە هەموو ئەوانەی دادگای فیدراڵی كردی، بە بڕیاری نادەستووری بوون و لە دەسەڵاتی پەرلەمان بوو، هەر بۆیە بەشدارینەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی دروست بوو، مافی خۆی بوو بەو شێوەیە هەڵوەستە بكات، چونكە بە تەواوی دەستوەردان لە هەڵبژاردن كراوە، ئەوەش بۆ هەرێمی كوردستان مەترسییە و ناكرێ لێی بێدەنگ بین و بەسەرماندا بڕوات.

لای خۆیەوە هێمن سەعید، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانە و كوردستان قەوارەیەكی یاسایی و دەستورییە و خۆی بڕیار لەسەر كاروباری خۆی دەدات، بۆیە هەر دەستوەردانێك نایاساییە و ئامانج لێی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمە.

دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان خۆی دەیتوانی هەڵبژاردن بكات و عێراقیش لە رێگەی كۆمسیۆنەوە تەنیا چاودێریی دۆخەكەی بكردایە، مادام دەستوور ددانی بە هەرێمی كوردستان ناوە و دەسەڵاتەكانی هەرێمی دیاری كردووە، كەواتە ئەوەی دادگای فیدراڵی كردی لە پای چی بوو؟

"بەشدارینەكردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو دەستوەردانە دەگەڕێتەوە، كە دیارە كێشەیەك هەیە پارتی نایەوێ بەو جۆرە بەشداری هەڵبژاردن بكات، چونكە رەنگە مەترسی دروست بكا و كار بۆ ئەوە كرابێت كە ئەو هەڵبژاردنە بە چ شێوازێك دەبێت و چۆن بەڕێوە بچێت"، هێمن سەعید، شارەزای یاسایی وای گوت.

پێوەست بە بابەتەكە سۆران هادی، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، هەركاتێك هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كرابێت بە رێككەوتنی لایەنەكان بووە، سەرەتا لایەنەكان رێككەوتوون و دواتر بڕیار لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دراوە، پێویست بوو ئەوجارەش بە رێككەوتن بكرێت و هەمووان رەزامەند بوونایە، بۆیە بەو شێوەی ئێستە هەڵبژاردن سەركەوتوو نابێت، كە حزبی یەكەمی كوردستان بەشداری تیادا ناكات، ئەوە بۆخۆی هەڵوەستەیەكە و كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەكە دەبێت.

جێگەی باسە پێشتر سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە رای گەیاند كە پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و بێ دەستوەردانە، ئامادە نییە و بەو شێوەی ئێستە بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل