وەزارەتی پەروەردە داوا دەكات هەنگاوەكانی پرۆسەی كردنەوەی هەژماری من خێراتر بكرێت

:: PM:09:24:25/04/2024 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان داوا دەكات كارئاسانی تەواو بۆ تیمی تایبەت بە پڕۆژەی "هەژماری من" بكرێت لەپێناو جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و تەواوی فەرمانبەرانیش پابەند بكرێن بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە رێگەی پڕۆژەكە. 

لە نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە ئەمڕۆ 25ی نیسانی 2024، ئاڕاستەی هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ، راپەڕین و گەرمیان كراوە و واژووی ئالان حەمەسەعیدی وەزیری پەروەردەی لەسەرە هاتووە، لەگەڵ نووسراوماندا وێنەیەك لە نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە رێگەی "هەژماری من"تان بۆ دەنێرین بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی هەژماری من. 

لە نووسراوەكەدا ئەوەیش روون كراوەتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی راكێشانی پارەی نەختینە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێت، ئێستە پرۆسەی تۆماركردنی فەرمانبەران و سوودمەندان لە پڕۆژەی ئاماژەپێكراو لە سنووری سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەوامە. 

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی داوە، پێتان رادەگەیەنین لە پێناو بەردەوامیدان بە هەنگاوەكان و خێراكردنی پڕۆسەكە پێویستە هاوئاهەنگی و كارئاسانی تەواو بۆ تیمی تایبەت بە پڕۆژەكە بكرێت و گشت فەرمانبەران رێنوێنی بكرێن و پابەند بكرێن بە كردنەوەی هەژماری بانكی لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من.


وشە - پۆڵا مەحموود