شیعە هەوڵی گۆڕینی باڵوێزی ئەمەریكا دەدەن

:: PM:06:00:28/04/2024 ‌

شیعەی نزیك لە ئێران سوود لە هەموو هەلێك دەبینن بۆ دەربڕینی نەیاریی خۆیان بۆ ئەمەریكا، ئەوەش بۆ دووپاتكردنەوەی باڵادەستیی خۆیان لە عێراق و ئەو پێوەندییە باشەی لەگەڵ ئێران هەیانە، هاوكات بۆ شاردنەوەی كێشە و شكستەكانیان، دوێنێ لە پەرلەمان هەموواری یاسایەكیان كرد، كە ئەمەریكا توڕە دەكات، ئەمڕۆش ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە رایان گەیاند كە واژوو بۆ دانانی باڵوێزی ئەمەریكا وەك كەسێكی نەخوازراو لە عێراق كۆ دەكەنەوە.

فالح خەزعەلی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، زۆرێك هەن هەوڵی سەپاندنی خواستی خۆیان بەسەر گەلی عێراق دەدەن، دوێنێ دوای پەسندكردنی هەموواری یاسای رووبەڕووبوونەوەی بەدڕەوشتی، ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا هاتە سەر خەت، بۆیە قسەكانی پێشێلكاری و خراپەكارییە بەرانبەر بە پەرلەمان و گەلی عێراق، بەرانبەر بە قسەكانی لەبەردەم بەرپرسیارەتیداین كە سووكایەتییە بە خواستی عێراقییەكان، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین یاداشتێكی دەركردن و گۆڕینی باڵوێزی ئەمەریكا دەربكات، ئەوەش بەهۆی دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆیی عێراق.  

یووسف كیلابی، پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە زیاتر لە 61 واژوو لە پەرلەمان كۆ كراوەتەوە بۆ رەوانەكردنی یاداشتێك لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە بۆ دانای باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق بە كەسێكی نەخوازراو و داوای گۆڕینی بكرێت، چونكە ئەو هەندێك كار لە دەرەوەی ئەركەكانی ئەنجام دەدات، لەوانە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی، قسەكانی دوێنێش بڵاوی كردنەوە پێشێلكارییە بۆ كاری پەرلەمانی عێراق و دەستوەردانە لە كارەكانی ناوخۆیی عێراق.

لای ئەمەریكا و رۆژئاوا بابەتی هاوڕەگەزخوازی بابەتێكی گرنگ و هەستیارە، ئێستەش كە ئەندامانی شیعە هەمواری یاسا كۆنەكەیان كردەوە و سزای بەدڕەوشتی و هاوڕەگەزخوازیان  توندتر كرد، كاردانەوەی لەلایەن ئەو وڵاتانە لێ كەوتەوە، لەوانە باڵوێزی ئەمەریكا نیگەرانی وڵاتەكەی دەبڕی و وای لەقەڵەم دا كە كاریگەری لەسەر وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی عێراق دەبێت و هەڕەشەیە بۆ سەر مافی مرۆڤ و ئازادییەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل