عەسائیب بە دوای لادانی فالح فەیازەوەیە

:: PM:06:25:28/04/2024 ‌

ئەگەرچی زۆرینەی پۆستەكانی عێراق، بەتایبەتی تەناهییەكان و تایبەتتر پێوەست بە حەشدی شەعبی و میلیشیاكان، هەر هەمووی لەلایەن سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسی ئێرانەوە یەكلا دەكرێنەوە، بەڵام ناوە ناوە میلیشیاكان لەسەر ئەو پۆستانە دەكەونە ململانێی سەخت، وەك ئەوەی ماوەیەكە لەسەر پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەكرێت، كە فالح فەیاز بەڕێوەی دەبات.

بەپێی بەڵگەنامەیەك لە نووسینگەی سامر زیبان، ئەندامی فراكسیۆنی سادیقوونی سەر بە گرووپی عەسائیب ئەهلولحەقی قەیس خەزعەلی دەرچووە، پرسیارێك ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق كراوە لەبارەی ئەو دەقە یاساییەی بۆ خەرجكردنی مووچەی فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی پشتی پێ بەستراوە، لەوكاتەی تەمەنی یاسایی تێپەڕ كردووە.

پێشتریش قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەق داوای گۆڕینی فەیاز و دانانی كەسێكی تر لە شوێنی ئەوەی كردبووە، ئەوەش بەهۆی تێپەڕاندنی تەمەنی یاسایی مانەوەی لەو پۆستە، جیا لەوەی حزبێكی سیاسی هەیە، داوای لادانی فەیاز لە دوای تۆقەكردنی لەگەڵ عەلی حاتەم سلێمان، شێخێكی هۆزی دلێم لەكاتی سەردانی بۆ ئەنبار بەر لە زیاتر لە مانگێك دەستی پێ كرد، لەوكاتەی فەیاز لەلایەن ئێرانەوە لەو پۆستە دانراوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل