شیعە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان كۆ دەبنەوە

:: PM:08:04:28/04/2024 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ بابەتەكە لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان باس كرا، بڕیارە سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی تەنگژەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ساز بكەن، كە ماوەی پێنج مانگە بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی دروست بووە.

عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، سبەی دووشەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ساز دەكەن، بۆ دیاریكردنی دانیشتنی پەرلەمان لە چەند رۆژی داهاتوو بۆ ئەو مەبەستە، دەكرێ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بێت، بەڵام دوای رێككەوتن لەسەری.

زیاتر گوتی، دۆخەكە بە گشتی بەرەو هەڵبژاردنی سالم عیساوی، پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای ئەنبار وەك سەرۆكی پەرلەمان دەچێت، ئەوەش بەهۆی بوونی پاڵپشتییەكی گەورەی سیاسی و پەرلەمانی بۆی و تەنیا حزبی تەقەدوم پێی رازی نییە، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆكان لەگەڵ ئەو حزبە بەردەوامە و بایكۆتی نەكردووە.

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە بە بڕیارێكی دادگای فیدراڵیی عێراق محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی و لە پەرلەمان دوور خرایەوە، لەو ساتەوە چەند جارێك هەوڵ دراوە شوێنگرەوەی دیاری بكرێت، دواترینیان دانیشتنێكی دەنگدان بوو لە نێوان ژمارەیەك كاندیدی سوننە، بەڵام جارێكی تر شیعە دانیشتنەكەی پەك خست و رێگەی نەدا كاندیدەكەی حەلبووسی پۆستەكە وەربگرێت، ئەگەرچی پلەی یەكەمی لە یەكەم گەڕی دەنگدان هێنا.

دوای دانیشتنەكە سكاڵا لەسەر كاندیدی حەلبووسی تۆمار كرا و ناچاری كشانەوە لە كێبركێی وەرگرتنی پۆستەكە كرا، بۆیە خاوەن دووەم دەنگ كە سالم عیساوییە و كاندیدی خەمیس خەنجەرە، هاتووەتە پێشەوە و پێشبینی دەكرێت شیعە لە دوای دەستبەرداربوونی خەنجەر لە هەندێك لە دەستكەوتەكانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ شیعە و پاڵپشتیكردنیان، ئەو پۆستەی بۆ یەكلا بكرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل