پەرلەمانتارێك: لەبارەی بەجێكردنەوە بەغدا دەیەوێ قسەی خۆی بسەپێنێ و مەبەستێكی سیاسی هەیە

:: PM:07:17:29/04/2024 ‌

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام نیازپاكیی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا نیشان داوە، لە كاتێكدا بەغدا دەیەوێ بڕیارەكانی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە غەرەزێكی سیاسی بەرانبەر بە هەرێم هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 29ی نیسانی 2024، یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دووپات لەوە دەكاتەوە كە چارەسەركردنی بابەتی مووچە و بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی لێكتێگەیشتن بێت، نەك بەغدا بیەوێ خۆی و بڕیارەكانی بسەپێنێت.

باسی لەوەش كرد، دادگای فیدراڵیی عێراق باسی لەوە كردووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت، باسی ئەوەی نەكردووە ئەو مووچەیە چۆن و بە چ شێوازێك  و لە بانكێك بێت، بۆیە بەغدا كە دەیەوێ قسەی خۆی بسەپێنێت، ئەمە غەرەزێكی سیاسی لە پشتە، چونكە دادگای فیدراڵی دەڵێت هەردوو حكوومەت پابەند بن بە دانی مووچەی فەرمانبەران.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان هەموو كات نیازپاكیی خۆی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نیشان داوە، كەچی ئەو سەپاندنەی بەغدا دەیەوێ بەرانبەر بە هەرێم بیكات، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دەیەوێ هەرێم بخاتە ژێر بڕیارەكانی.

لای خۆیەوە ئەحمەد سەفار، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، "هەژماری من"، پڕۆژەیەكی گرنگ و پێشكەوتووە وەك وڵاتان، ئەو دژایەتییەشی بۆ "هەژماری من"، دەكرێت ئەوەندەی سیاسییە، ئەوەندە یاسایی و زانستی نییە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل