بەر لە هەڵبژاردن بایدن هەوڵی رێكخستنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات

:: PM:08:02:29/04/2024 ‌

بڕیارە لە كۆتای ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بێتە سازكردن، كە كێبركێیەكی توند لە نێوان دیموكرات و كۆمارییەكان هەیە، بە تایبەتی لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، لەو ناوەدا راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە ئێستە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بە رژدی كار لەسەر رێكخستنەوەی دەكات وەك ئەوەی لە بەرژەوەندیی بایدنە.

سەبارەت بە ئێران ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو لە ریاز ئاماژەی كرد كە هێرشەكەی دوایی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە، رووناكی دەخەنە سەر زیادبوونی هەڕەشەكانی تاران، هاوكات گرنگیی كاری بەیەكەوەیی بۆ دروستكردنی سیستمێكی تۆكمەی بەرگری دەردەخات.

بلینكن سەبارەت بە شەڕی غەزە و پێوەندییەكانی ئیسرائیل و سعوودیە گوتی، كاری پێكەوەییمان لەگەڵ سعوودیە پێوەستە بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی ریاز و تەلئەبیب، كە ئەگەری هەیە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا تەواو بێت، ئاشكرای كرد كە هەریەك لە ئەمەریكا و سعوودیە لە ماوەی مانگی رابردوو كاری باشیان لەبارەی ئەو ئاساییكردنەوەیە كردووە.

ئێستە ئیدارەی ئەمەریكا دەیەوێ بەر لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دۆخی ناوچەكە رێك بخاتەوە، لەوانە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها چارەسەركردنی دۆخی كەرتی غەزە، بۆ ئەوەی وەك دەستكەوتێكی گەورەی بایدن باسیان بكرێت و لە بەرانبەر بە كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ یارمەتی بدەن.

بڕیارە بلینكن لە ریاز چاوی بە بەرپرسانی باڵای سعوودیە بكەوێت و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و میسر و سعوودیە و ئیمارات و ئوردن كۆ ببێتەوە و باسی دۆخی كەرتی غەزە لە دوای شەڕ و حەماس بكەن، جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا بۆ باسكردنی چۆنیەتی بنیاتنانەوەی غەزە لە دوای ئەو شەڕەی شەش مانگە بەردەوامە.

هەر لە ریاز و لەگەڵ ئەوەی سعوودیە باسی مەرجی چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ تەلئەبیب دەكات، دێڤید كامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتی كردەوە بۆ گەیشتن بەو چارەسەرییە، پێویستە بەرپرسانی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی 2023، واتە سەركردەكانی حەماس، لە غەزە بچنە دەرەوە و ژێرخانی تیرۆر لەو كەرتە هەڵبوەشێتەوە، پێویستە داهاتوویەكی سیاسی بۆ گەلی فەلستین ببینین، هاوكات ئاسایش بۆ ئیسرائیل، پێویستە ئەوانە بەیەكەوە بن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل