سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا لە ئیداری سلێمانی دەكات نەهیڵن هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان بكرێت

:: PM:09:27:29/04/2024 ‌
 
ئازادیی رادەربڕین، یەكێك لە سیماكانی هەر سیستم و رژێم و كۆمەڵگە و دەوڵەتێك كە باوەڕی بە دیموكراسی هەبێت، لەو كاتەی هەموو هەوڵێك دەدرێت رووێكی گەش و پڕ لە ئازادی لە هەرێمی كوردستان پێشانی دنیای دەرەوە بدرێت، كەسانێك بە مەبەست هەوڵ دەدەن ئەو رووە بشێوێنن، ئەوان بۆ شاردنەوەی كەموكورتی و ناشیرینییەكانیان كەوتوونەتە وێزەی رۆژنامەوان و میدیاكان، ئەوەش وای كرد سەندیكای رۆژنامەنووسان بە توندی بێتە دەنگ.

ئەمشەو لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان، روونكردنەوەیەكی تایبەت بە هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووسان و چەند دەزگەیەكی راگەیاندن لە شاری سلێمانی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی، لە دەزگەی دیپلۆماتیك لە شاری سلێمانی پێوەندی بە لیژنەی داكۆكی لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كرد و و سكاڵای تۆمار كرد، ئاماژەی بەوە كرد كە هەڕەشەیەكی توند لەسەر دەزگەكەیان و خۆی بە تایبەتی هەیە، جگە لە هاككردن و هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر سایتەكەیان، هەڕەشەی توند لە خۆی و ئەندامانی دەزگەكەی كراوە و بەوەی شاربەدەر دەكرێن و تۆڵەیان لێ دەكرێتەوە.

لە هەمانكات چەند دەزگەیەكی تری راگەیاندن هەر ئەمڕۆ لە سایت و پەیجی خۆیان ئاماژەیان بەم جۆرە هەڕەشانە بۆ سەریان كردووە، ئەمە لەكاتێكدا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە یادی رۆژنامەگەریی كوردی، هەموو لایەنە پێوەندیدار و بەرپرسان و سەندیكا و رێكخراوەكانی تایبەت بە رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەری، داوای فەراهەمكردنی ژینگەیەكی ئارامی دوور لە ترس و تۆقاندنیان بۆ رۆژنامەنووس و رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستاندا كرد. 

ئێمە لە لیژنەی داكۆكی داوا لە لایەنە بەرپرسەكانی ئیداری شاری سلێمانی دەكەین، پشتیوانی رۆژنامەنووسانی ئەم دەڤەرە بن، چیتر نەهێڵن كەس و لایەنێك هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان بكات و هێرش بكاتە سەر دەزگەكانی راگەیاندن، داوای سەلامەتی گیانیی ئەم رۆژنامەنووسە و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەكەین كە هانایان بۆ سەندیكا هێناوە لەم جۆرە هەڕەشە و ترسە لە سەریان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل