ڕۆژانە 37 منداڵ دایكیان لەدەست دەدەن

:: PM:06:48:03/05/2024 ‌

بەپێی زانیاریی ڕێكخراوی "ئەونروا"، دۆخی مرۆڤیی خەڵكی غەزە گەیشتووەتە لووتكەی مەترسی و ڕۆژانە 37 منداڵ دایكیان لەدەست دەدەن، ئەمەش واتە مەترسیی گەورە بۆ سەر ئەو منداڵانە.

ڕێكخراوەكە كە ئەمڕۆ هەینی، سێی ئایار لە تۆڕی "ئێكس" بڵاوی كردووەتەوە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس تا ئێستە زیاتر لە 10 هەزار ژنی كوشتووە و 19 هەزار ژنی تریشی بە ئاستی جیاواز بریندار كردووە.

هەر لەو ڕوونكردنەوەیەدا كە تایبەتە بە ڕەوشی ژنان لە غەزە، ئەوەشی گوتووە، تا ئێستە نزیكی 155 هەزار ژنی دووگیان یان كۆرپەلەی شیرەخۆرەیان هەیە، لەژێر ڕەوشێكی مەترسیداردا ژیان بەسەر دەبەن كە ئاوی خاوێن و پێداویستیی بنەڕەتیی ژیانی خۆیان و كۆرپەكانیان نییە.

لە بەرانبەردا، حكوومەتی ئیسرائیل بەردەوام ئەو ژمارانە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت، هەمووی ژمارەی زێدەڕۆیین و دوورن لە ڕاستییەوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر