پەرلەمانتارێكی شیعە: سالم عیساوی دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان

:: PM:05:10:04/05/2024 ‌

تا ئێستە حزبی تەقەدوەمی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق چاوی لە پۆستەكەیە، حەلبووسی ئەوە راگەیاند كە بەمنزیكانە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار دەكەن و سەر لە نوێ دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی پەرلەمان دەكرێتەوە، پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی شیعەش دووپاتی كردەوە كە ئەوان ئەو بژارە رەت دەكەنەوە و پۆستەكە بۆ ساڵم عیساوی یەكلا بووەتەوە.

سالم عەنبەكی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە گوتی، هێزەكانی چوارچێوەكە رەتی دەكەنەوە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە مەبەستی كردنەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەموار بكرێت، چونكە ئەو بابەتە پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵییە و هیچ پاساوێكی بۆ نییە، بۆیە تاكرێت بڕیارێكی ئەوها بۆ بەرژەوەندیی كەسیی هەندێك حزب بدرێت.

روونی كردەوە، ئێستە دوو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە پێكهاتەی سوننە هەن، ئەوانیش سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانین، ئێمە پێمان وایە بابەتەكە بۆ عیساوی نیوچە یەكلا بووەتەوە و ئەو لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان وەك سەرۆكی پەرلەمان دێتە هەڵبژاردن، چونكە پاڵپشتییەكی گەورەی لە هەموو فراكسیۆن و حزبەكانەوە هەیە.

شایەنی باسە دوێنێ هەینی حەلبووسی جارێكی تر رەتی كردەوە كەسێك لە دەرەوەی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بێتە هەڵبژاردن، ئەو پێشبینی كرد كەسێكی سازان لەسەر كراو دیاری بكرێت و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتووش بۆ كاندیدكردنی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل