ڕۆیتەرز: ڕووسیا پێویستی بەوەیە توانای مووشەکی پێش بخات

:: AM:11:22:06/05/2024 ‌
پێگەی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ڕووسیا بۆ مەبەستی بەگژداچوونەوەی ڕۆژئاوا و چاوترسێن کردنی، پێویستی بە بەهێزکردن و زیاد کردنی سیستەم و ژمارەی مووشەکییەکانییەتی، ئێستە مۆسکۆ لە شەڕێکی کراوەدایە لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا، بۆیە تەنیا زایادکردنی مووشەک فریای دەکەوێت. 

ئەمڕۆ دووشەم پێگەی ''ڕۆیتەرز'' لە زاری دیپلۆماتکارێی ڕووسییەوە بڵاوی کردەوە، ڕووسیا پێویستی بە زیادکردنی ژمارەی مووشەکەکانیەتی لە بەگژداچوونەوەی ڕۆژئاوا، بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئێستە ئاستی پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا گەیشتۆتەوە بە ئاستی ململانێی ساڵی 1962، کە قەیرانی مووشەکی کوبا وای لە سۆڤیەت و ئەمەریکا کرد لە جەنگی ئەتۆم نزیک ببنەوە. 

تەنیا ڕووسیا لە هەموو ئەندامانی ناتۆ زیاتر تۆپهاوێژی دروست کردووە
ڕووسییەکان بەرهەمهێنانی تۆپهاوێژیان خێرا کردووە، ئەمەریکیەکان لە بەدواداچوونێکدا بۆیان دەرکەوتووە، ڕووسیا تەنیا لەمساڵدا لە هەر 32 ئەندامەکەی ناتۆ زیاتر تۆپهاوێژی دروست کردووە، گریگۆری ماشکۆڤ دیپلۆماتکاری ڕووسیا بە کەناڵی ''RIS''ی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ''ئێستە وەک ڕووسیا لە قۆناغی شەڕێکی کراوەین لەگەڵ ئەمەریکا، هیوادارم شەڕەکە سەر نەکێشێت بۆ شەڕی دەستەوئێخە''. 

ماشکۆڤ پێی وایە، پێیوستیان بەوەیە سیستەمی مووشەکیان پێش بخەن و مووشەکێکی زیاترە بۆ مەبەستی بەهێزکردنی وڵاتەکەیان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی دەوڵەتە ئەوروپیەکان چاوترسێن بکرێن و بیر لە هێرشکردنە سەر ڕووسیا نەکەنەوە. 

بە گوێرەی دامەزراوەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی، ڕووسیا ڕێژەی 7.1 لە داهاتی وڵاتەکەی تەرخان کردووە بۆ بەرەوپێشبردن و دروستکردنی چەکی پێشکەوتوو، کە هاوتایە بە تەرخانکردنی سێ بەش لە داهاتی ڕووسیا، بەڵام هێشتا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڕۆژئاوا، ڕووسەکان پێویستیان بە مووشەکی زیاترە. 


وشە - ئارا هێمن