سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هێرشی کردە سەر چین

:: PM:04:48:07/05/2024 ‌
دوای ئەوەی ئاشکرا کرا چین هێرشی ئەلکترۆنیی کردووەتە سەر ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا و سیستمی وێبسایتی فەرمیی ئەو وڵاتەی هاک کردووە، ئەمڕۆ ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە بێ ئەوەی ناوی چین بهێنێت، سیستمی دەسەڵاتخوازی ئەو وڵاتەی دایە بەر ڕەخنە. 

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئایار پێگەی ''سکای نیوز'' بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی هێرشی ئەلکترۆنی کرایە سەر ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا و ناو و زانیاریی بانکی سەربازانی ئەو وڵاتە هاک کرا، ڕیشی سوناک بە ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر چین و سەرکۆنەی سیستمی دەسەڵاتخوای ئەو وڵاتەی کرد. 

چین ڕاستەوخۆ هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕەت کردەوە، هەروەها هەواڵەکانی لەو بارەیەوە بە هەڵبەستراو لەقەڵەم دا، دوا بە دوای هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، وەزارەتەکە هەموو زانیارییەکانی سەربازە بەریتانییەکانی سڕییەوە. 

یەکەم جار نییە چین هێرشی ئەلکترۆنی دەکاتە سەر بەریتانیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وەڵامی پەکین دەدەنەوە، لەم ساڵانەی دوایی چین چەند جارێک هێرشی ئەلکترۆنیی کردووەتە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و توانای وڵاتەکە لە ڕووی ئەلکترۆنییەوە بەرەوپێش چووە.


وشە - ئارا هێمن