پەرلەمانتارێك: بەغدا و ئەنقەرە پێشتر لەسەر داماڵینی چەكی پەكەكە رێك كەوتوون

:: PM:05:55:07/05/2024 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە 22ی نیسانی رابردوو سەردانی عێراقی كرد، لەو سەردانەدا چەندان یاداشتی لێكگەیشتن واژوو كران، گرنگترینیان پێوەست بوو بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و ئاو و تەناهیی سنوورەكان و پەكەكە، پەرلەمانتارێكی عێراق وردەكاریی زیاتر لەبارەی رێككەوتنی نهێنیی عێراق و توركیا سەبارەت بە پەكەكە ئاشكرا دەكات.

عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رێككەوتنەكانی نێوان عێراق و توركیا لەكاتی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا بە تەواوەتی رانەگەیەندراون، ئەوان رێككەوتنێكیان كردووە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ داماڵینی چەكی پەكەكە و دابڕین و گەمارۆدانی لە رووی سەربازییەوە. 

روونی كردەوە، رێككەوتنی دوایی هەردوو وڵات رانەگەندراوە، بەڵام بەر لە شەش مانگ هەردوولا لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ داماڵینی چەكی پەكەكە و گەمارۆدانی لە رووی سەربازییەوە كراوە، ئەوەش بە سەرپەرشتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، واتە بە هاوشێوەی رێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە حزبەكانی رۆژهەڵات و ئەنجامی باشی هەبوو. 

موهەنەد جەنابی، مامۆستای دیپلۆماسیەت و پێوەندییە دەرەكییەكان لە زانكۆی تاران دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەكانی دوایی توركیا بۆ سەر پەكەكە وەك ئەنجامێكی سەردانەكەی ئەردۆغانە بۆ بەغدا، كاتێك ئەو چاوی بە بەرپرسانی عێراق كەوت و دوایین هەنگاوەكانی هێرشەكەی بۆ سەر پەكەكە دیاری كرد، كە دەستی پێ كردووە و بەر لە سەردانەكەش رێككەوتنی وەزارەتەكانی بەرگری لە هەدوو وڵات كراوە.

روونی كردەوە، هەردوولا لەسەر كۆتاهێنان بە بوونی پەكەكە لە عێراق رێككەوتوون، كە ئەوەش لە بنەڕەتدا دەستپێشخەرییەكی عێراق بوو لە 2023 وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرای كرد، بەوەی عێراق و توركیا بە هاوشێوەی ئێران دەتوانن رێككەوتنێكی تەناهی واژوو بكەن، بۆیە دداننانی عێراق لە سەردانەكە بەوەی پەكەكە حزبێكی قەدەغەكراوە، وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ توركیا بۆ دەست پێكردنی ئۆرپراسیۆنە سەربازییەكەی دژی پەكەكە و هاوكاری تەواویشی دەكات. 

جەنابی دووپاتی كردەوە كە عێراق بەرانبەر بە رێگەدان بە توركیا بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لە دۆسییەكانی تر قازانج دەكات، هێشتنەوەی ئەو بابەتەش لەلایەن عێراق بە ناڕوونی و رێككەوتن بە نهێنی، چونكە لە داهاتوو لێكەوتی دەبێت و ئەگەر توركیا لە بۆردمان و هێرش و ئۆپراسیۆنەكانی بەردەوام بوو، ئەوكات دەگوترێت ئەوانە بەپێی رێككەوتنێكن كە لەگەڵ حكوومەتی سوودانی لە 2024 كراوە، بۆیە ئەگەر بە نهێنی بێت، ئەوكات بەغدا دەتوانێت خۆی لێ لابدات و رەتی بكاتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل