"هەرێم بەراورد بە ساڵانی پێشوو جیاوازە و كاری گەورەی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی كردووە"

:: PM:10:02:07/05/2024 ‌

پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەرەو بەهێزی دەچن، ئەو پێوەندییانە كاریگەرییان لەسەر ئاستی سەقامگیری و ئابووری و دیپلۆماسی و كەرتەكانی تر دەبێت، ئێستە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر لێهاتووانە كار لەسەر فراوانكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان دەكات، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ و توانیویەتی پێوەندیی بەهێز دروست بكات.

هەرێمی كوردستان دراوسێی توركیا و ئێرانە، كە دوو دەوڵەتی بەهێز و گەورەی ناوچەكەن، ئەو پێوەندییانەش بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگن و كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەهێزیی هەرێمی كوردستان دەبێت، شارەزایان باس لەوە دەكەن كە هەرێم دەتوانێت ئەو پێوەندییانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بەهێزكردنی كوردستان بەكار بێنێت.

لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، فراوانبوونی پێوەندییەكان بۆ هەرێم زۆر باشە بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەوانە دەوڵەتی دراوسێن و لە هەرێم نزیكن و بە درێژایی سەتان كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وا دەكات هەرێمی كوردستان لە رووی سەقامگیری و ئارامییەوە زیاتر بەرەو پێش بچێت، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، چونكە دەوڵەتی خاوەن ئابووری بەهێزن و پێوەندیی بەهێز و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەیە.

روونی كردەوە، هەرێم كار بۆ ئەوە دەكات كە پێوەندییەكانی دەرەوەی بەهێز بێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش فراوانبوونی باش لەو پێوەندییانە هەیە و زۆر بەرەوپێش چوون، بۆیە هەرێم لەگەڵ چەند ساڵێك پێش ئێستە جیاوازە و كاری گەورەی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی كردووە و دەتوانێت هەموو پێوەندییەك بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار بێنێت و پشتیوانیی زیاتر بۆ خۆی بە دەست بێنێت، هەرێم دەتوانێت ئەو پێوەندییانە لە رووی ئابوورییەوە بەكار بێنێت و لە ناوخۆش یەكڕیزی و نێوماڵی خۆی رێك بخاتەوە، چونكە بۆ هەر پێوەندی و كرانەوەیەك پێویستیمان بە پێوەندیی ناوخۆش هەیە.

پێوەست بەو بابەتە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان هەر پێوەندییەك لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروست بكات، لە رووی ئابوورییەوە هەنگاوی گەورە دەنێت و دەتوانێت ئەو پێوەندییانە بە مەبەستی فراوانبوون و بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووریی خۆی بەكار بێنێت، لە ماوەی رابردوو بینیمان سەرۆكی حكوومەت بەشداریی كۆڕبەندە ئابوورییە جیهانییەكانی كرد، ئەمەش بۆ هەرێم گرنگە و دەتوانێت پێوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتە خاوەن ئابوورییە بەهێزانە دروست بكات و كۆمپانیا و وەبەرهێنەری بیانی بۆ ناوخۆ رابكێشێت.

ئەو شارەزایەی ئابوورییە دووپاتی كردەوە، وڵاتانی دراوسێ بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگن و بە پێچەوانەشەوە، لە ماوەی كەمتر لە مانگێگدا هەرێمی كوردستان توانی پێوەندییەكی باش لەگەڵ توركیا و ئێران دروست بكات، كە هەردووكیان وڵاتی بەهێزن و ساڵانە قەبارەیەكی زۆری بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدات، بۆیە پشتیوانیی ئەو وڵاتانە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە و سوودی ئابووری دەبێت، دەتوانن لە بەرەوپێشچوونی ئابووری پشتیوانیی هەرێم بكەن.

هەر لەوبارەوە بڵند فاتیح، شارەزای پێوەندییەكان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەیەكی دەستووری و هەرێمێكی یاساییە، دەستوور هەموو رێگەیەكی بە هەرێمی كوردستان داوە پێوەندییەكانی پەرە پێ بدات، پێوەندیی دیپلۆماسی ئەنجام بدات، هەموو هەرێمەكان مافی خۆیانە پێوەندیی خۆیان فراوان بكەن و لەو چوارچێوەیەدا پێوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی و تەناهی و تا پێگەی خۆشیان بەهێز بكەن، بۆیە هەرێم دەتوانێت لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو كارێكی خۆی بكا و تا ئاستێك نیوچە سەربەخۆیە و توانیویەتی پەرە بە پێوەندییەكانی خۆی بدات، بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەرەوە، كە هەمیشە وەك وڵاتێك دەركەوتووە و پێوەندیی لەگەڵ زلهێزەكان بەستووە.

ئێستە هەرێمی كوردستان لە پێگەیەكی بەهێزدایە، هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور رێگەی پێدراوە چالاكیی دیپلۆماسی بكا و پێوەندییەكانی دەرەوەی فرەوان بكات، چەند ساڵێكە پێوەندییەكانی هەرێم پەلی بۆ زۆرترین وڵات هاوێشتووە، كە بەهۆیەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حیسابی تایبەتی بۆ دەكرێ و وڵاتە گەورەكان مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل