فەرمان بە ژمێریاری وەزارەتی دارایی كرا پارەی مووچە بنێرێت

:: AM:10:02:08/05/2024 ‌
لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق، فەرمان بە ژمێریاری وەزارەتی دارایی كراوە دەست بكەن بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی ئایار، سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی، ژمێریاری گشتی ئاگادار كراوەتەوە دەست بە رێكارەكانی بەشە بودجەی كوردستان بۆ مووچە بكەن.

ئەوەیشی گوت، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەبەرایەتیی ژمێركاری وەزارەتەكەی راسپارد پارەی مووچەی مانگی نیسان، بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر هیچ بەربەستێك دروست نەكرێت، ئەوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەبێت رێكارەكانی ناردنی پارە تەواو بێت و دەست بە گواستنەوەی بكرێ‌.

لە 22ـی نیسان، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی بۆ عێراق نارد، بەڵام بەبێ‌ هیچ هۆكارێك ناردنی ئەو پارەیە دواخرا كە چەند تێبینییەكیان هەبوو بۆ دواخستنی نەك تێبینی یاسایی.

بەپێێ‌ دواین رێككەوتنی نێوان مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی و دواین بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕیارە لە هەموو مانگێك لە 25ـی ئایار دەست بكرێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران.




وشە - رامیار جەواد