هەمووان گەیشتنە قەناعەت.. بۆچی پێویستە هەڵبژاردن دوا بخرێت؟

:: PM:07:41:09/05/2024 ‌

كەس نكووڵی لەوە ناكات كە هەڵبژاردنی كوردستان یەكێكە لەو پرۆسانەی رووی گەشی سیستمی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان پاراستووە، كە لە پاڵ بەیەكەوەژیانی پێكهاتەكان و ئازادیی بۆچوون و دەربڕین و ئاین و كولتوور و ئاوەدانی و ئەو ئاسایش و ئارامییەی هەیە، بوونەتە جیاكەرەوەی هەرێمەكە لە عێراق، بەڵام بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و ئەو دەستوەردانەی لە دەسەڵاتەكانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنی كرا، وای كرد پارتی هەست بە بوونی مەترسی لەسەر تەواوی پرۆسەكە بكات، لە بەلاڕێدابردن و بەتاڵكردنی لە پاكی و ئەو دیموكراسییەی كە گیانی پرۆسەكەیە.

 ئەگەرچی پارتی بەردەوام پاڵپشتیكاری هەڵبژاردن بووە و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وادەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، بەڵام ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە كورسیی كۆتاكان و بازنەی هەڵبژاردنەكە لە بەغدا دەركران، وایان كرد پارتی پێداگری بكات و بایكۆتی پرۆسەكە بەو شێوەی بەنیازە بكرێت رابگەیەنێت، ئەو بەشداریكردنی خۆی بە چەند مەرجێك بەستەوە، ئێستەش هەمووان لە پارتی تێگەیشتن و پێیان وایە ناكرێت لەو دۆخە هەڵبژاردن بكرێ و وا باشترە كە بۆ كاتێكی گونجاوتر دوا بخرێت.

جەواد مەلەكشاهی، نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی دووپاتی كردەوە كە بەشدارینەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكە، واتە بەڕێوەنەچوونیەتی، تەنانەت ئەگەر سازیش بكرێت، هیچ سوود و ئەنجامێكی نابێت، چونكە پارتی لایەنێكی گرنگ و سەرەكییە لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان.

روونی كردەوە، هەریەك لە دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە پێویستە چارەسەرێك بۆ تەنگژەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە، بۆیە بە بۆچوونی خۆم بڕیارەكەی سێشەمی رابردووی دادگای فیدراڵی ئاماژەیەكی روونە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە، هەموو لایەنەكانیش لەسەر وادەیەكی نوێ رێك دەكەون، كە دواتر لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دێتە راگەیاندن.  

لای خۆیەوە نەبیل عەزاوی، نووسەری عێراقی لە وتارێكی بە ناوی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.. دواخستنی لە ئەنجامدانی باشترە"، نووسیویەتی، لە سیستمی دیموكراسیدا هەڵبژاردن بۆ دەربڕینە لە خواست و بۆچوونی گەلان، ئامرازێكە بۆ ناساندنی ئەو كەسانەی دەبنە نوێنەری خەڵك لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان و پەرلەمان، ئێستە زۆرینەی ئاماژەكانی هەن بەرەو ئەوە دەچن كە هەر هەڵبژاردنێك كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستان بێ بەشداریی پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت، بە مردوویی لەدایك دەبێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە:

یەكەم/ بەشدارینەكردنی جەماوەر، كاتێك زۆرینەی پێشبینییەكان بەو ئاراستەیەن كە خەڵكێكی زۆر بەشداری لە پرۆسەكە ناكات و ئەگەر بكرێت، بەو پێیەی زیاتر لە 65%ی لە لایەنگرانی پارتی بەشداری دەنگدان ناكەن، رێژەی دەنگدان لە پرۆسەكە زۆر كەم دەبێت و نسكۆیەكی هەڵبژاردن روو دەدات، كە پێشتر لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم رووی نەداوە.

دووەم/ ددانان و قبووڵكردن، بەو پێیەی ئەنجامی هەموو هەڵبژاردنێك كاردانەوە و لێكەوتی هەیە ئەو خاڵە زۆر گرنگە، چۆن دەكرێت بە بەشدارینەكردنی كاراكتەرێكی سەرەكی و كۆڵەكەیەكی چەسپاندنی دیموكراسی لە هەرێم لە نەوتەكانی سەتەی رابردووەوە بە ئەنجامی راستەقینە و كردەنی بگەین، وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی، كە دێرینترین و گرنگترین پارتە كوردییەكانە و زیاترین ئامادەبوون و پاڵپشتی لە شەقام و لە ناو جەماوەر هەیە، ئاخۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەنجامە دەكات، كە لە ئاست خواست و داواكارییەكان نییە. 

سێیەم/ نەبوونی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان، ئەو خاڵە بوو كە پارتی شۆك كرد و وای كرد ئەگەر ئێستە یان لە داهاتوو چارەسەر نەكرێت، هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەكە بكات، كە گەرەنتیی مافی پێكهاتەكان دەكات لە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان لە رێگەی كورسیی كۆتاكان و لەو رێگەیەوە بە پەرلەمان بگەن، پارتی پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان دوورخستنەوەی ئەو توێژە گرنگەیە، كە پارێزگاری لێ كردنیان بە رێگە دەستووری و یاساییەكان ئەركە. 

بۆیە بە رەچاوكردنی ئەو خاڵانە ئێستە روونە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەگەر هەمووان بەشداریی تیادا نەكەن لە ناوەڕۆكەكە بەتاڵە، چونكە پارتی هەمیشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ئەنجامەكانی بەرجەستەی خواستی راستەقینەی دەنگدەران بكات ئامادەیە، پێكهاتەكانیش دەنگ و خواستی خۆیان هەبێت و پرۆسەكە لە سیناریۆی پێشوەختە دانراو دوور بێت، ئەوەش بوو سەرۆك بارزانی دووپاتی لەسەر كردەوە. 

ئەو پرسیارە لۆجیكییەی زۆر دەكرێت، ئاخۆ دەكرێت ئەو هەڵبژاردنە بۆ ماوەی چەند مانگێك دوا بخرێت و لەو ماوەیە میكانیزمی نوێ و داڕشتنی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی بكرێت، بەو شێوەیەی مافی پێكهاتەكان بپارێزرێت لە بوونیان لە پەرلەمانی كوردستان بەپێی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە كۆمسیۆنی هەڵبژارنەكان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتیی بكەن؟، وەڵامەكەی بەڵێیە، بەڵێ دەكرێ دوا بخرێت، دواخستنەكەش وەك دووبارە خوێندنەوەی دۆخەكەیە، كە لەو رێگەوە دەكرێ هەڵەكان راست بكرێنەوە و گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بەپێی میكانیزمی یاسایی و دەستووری بكرێت، نەك بۆ سڕینەوەی یەكتر.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل