منداڵێک دووجار لە دایک بوو

:: AM:10:32:26/10/2016 ‌

لە حاڵەتێکی دەگمەن و ناوازەدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، منداڵێک دووجار لە دایک بوو.

مارگرێت بویمەر، ژنێکی دانیشتووی ولایەتی تکساسە، لەو کاتەی لە مانگی شەشەمی دووگیانیدا بوو، دوای ئەوەی پشکنینیان بۆی کرد، بە هۆی شەپۆلەکانی سەرووی دەنگەوە دەرکەوت کە ئەو کۆرپەیەی لە سکیدایە، تووشی گرێیەکی شێرپەنجەیی بووە، هاوکات پزیشکەکان پێیان راگەیاند، کە گرێ شێرپەنجەییەکە لە خودی کۆرپەکەش گەورەترە.

هەر بۆیەش پزیشکانی نەخۆشخانەکە هەڵستان بە دەرهێنانی کۆرپەکە لە سکی دایکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ چارەسەرکردنی گرێیەکە، دواتریش دووبارە کۆرپەکەیان دانایەوە سکی دایکی.

ئیتر دوای 12 هەفتە لەو نەشتەرگەرییە، منداڵەکە لە دایک بوو و ناویان لێ نا لین لی.

دوای لە دایک بوونی منداڵەکەش، پزیشکان هەڵستان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی تر بۆی، بە مەبەستی لابردنی پاشماوەکانی تری گرێ شێرپەنجەییەکە، ئێستەش دۆخی تەندرووستیی منداڵ و دایکەکە جێگیرە.

جێی باسە، پێشتر تەنیا یەکجاری تر و لە ساڵی 2009 حاڵەتێکی لەو شێوەیە تۆمار کرا بوو.

سەرچاوە: سپوتنیک


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی