بۆ ئەوەی پیر نەبیت ڕێواس بخۆ

:: PM:03:00:15/05/2017 ‌

پزیشكێكی كورد هۆشداری دەدات بە هاووڵاتییان كە كەمتەرخەمی نەكەن لە خواردنی ڕێواس، چونكە چارەسەرێكی باشە بۆ شێرپەنجە و لە هەمان كاتدا ڕێگری دەكات لە پیربوون.

ئەمڕۆ شەموو 13 ئایاری/ مایۆ، زانا عبدوڵا پزیشكی هەناو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم وەرزە زۆر بەسوودە ڕێواس بخۆیت، ڕێواس كە یەكێكە لە بەرهەمە بەهارییەكان، زیاتر لە بەفردا دەردەكەوێت و بەرگەكەی ساف نییە، بەڵكو زبرە و سەری ڕێواس تۆوێكی زۆر وردی پێوەیە، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (C،K، B،A) و پڕۆتین و كاربۆهیدرات و كالیسیۆم و پۆتاسیۆم تێدایە.

ئەم پزیشكە دەڵێت، سوود و گرنگی ڕێواس زۆرن، بەتایبەتی پارێزگاریمان لێ دەكات لە تووشبوونمان بە نەخۆشی شێرپەنجە و دوورت دەخاتەوە لە پیری هەروەها هاوسەنگی فشاری خوێن دەپارێزێت.

ئەم پزیشكە هۆشداری دەدات لەسەر ڕێواس دەرمانی بێ ئیشتهاییە و كەم خوێنییە گەر لەگەڵ خەیارو كەرەوز و گوێزەردا تێكەڵ بكرێت و بخورێت باشترین چارەسەرە.

ڕێواس یەكێكە لە  بەرهەمە چیاییەكانی ناوچەی بەفر و ساردی كە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرفراوان دەڕوێت و ناوچە چیاكانی دەوڵەمەندە بەو بەرهەمە.



وشە - رامیار جەواد