قاسم لە سلێمانییە و كەركووك خەڵتانی خوێن دەكرێ
ئیسرائیل: هێرشەكەی كەركووك و جووڵەكانی حەماس لەیەك دەچن

:: PM:04:07:26/10/2016 ‌

هەینی ڕابردوو 21 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە بەیانییەكی زوودا، زیاتر لە 100 تیرۆریست لەناو كەركووك بەشێوەیەكی رێكخراو بڵاو بوونەوە و دەستیان بە كردەی تیرۆریستی كرد، ئەو هێرشە كە كۆتاپێهێنانی 40 سەعاتی خایاند، هەموو كەس رۆڵی خۆی بینی تەنیا پارێزگاری شارەكە و باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نەبێ كە لە هیچ كوێ دیار نەبوون. 
هەرزوو سەركردەكانی ناوەندی بڕیاری یەكێتی ئەو نائامادەیییەی باڵی دەستڕۆیشتوو كە "گوماناوییە" قۆستەوە و كۆسرەت ڕەسووڵ و مەحموود سەنگاوی بەهێزەوە گەیشتنە كەركووك، لە رووی تەناهیشەوە هێزەكانی سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، تاك بە تاكی تیرۆریستەكانی دۆزییەوە و بە جەماوەری ناساند، بەڵام دانیشتوانی كەركووك خۆیان هۆی سەرەكی بوون لە تێكشاندنی ئەو پیلانە، كە هاوشێوەی هێرشەكەی 9ی حوەزیرانی 2014 كە مووسڵی پێ داگیرا كرا لەلایەن داعشەوە.

شوێنی هاتنی داعش
بەگوێرەی زانیارییەكان، زیاتر لە 100 چەكداری داعش لە دەشتایی نێوان گوندی بەشیر و ساری تەپەی باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ هێنرابوونە ناو كەركووك و لە رێی ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سایپا و لۆرییەوە بەسەر ئەو شوێنانەی نەخشە و پلانیان بۆ دانرابوو، دابەش كران. ئەو خاڵە سەربازییانە حەشدی شەعبی بەهێزە تیایاندا كە هێزێكی شیعی عێراقی سەربە ئێرانە، لەڕووی سەربازیی و كارگێڕیشەوە كەركووك لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتییەوە بەڕێوە دەبرێ، هاوكات قاسم سلێمانی كە سەرپەرشتیی نزیككردنەوەی یەكێتی و شیعە دەكات، چەند رۆژێكە لە سلێمانییە. 

ئەو رۆژە كەركووكییەكان شۆك بوون، كاتێك لە خەو هەستان نیوەی شارەكەیان كەوتووە و كارگێڕیی شار و لایەنە سەربازییەكانی تەواو بێ دەنگن، بۆیە بە گەنج و پیرەوە دەستیان دایە چەك، لەلایەكی ترەوە داعش لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، ڤیدیۆی چەند گەڕەكێكی كەركووكی بڵاو دەكردەوە كە داگیری كردوون و بەگوێرەی ڤیدیۆ تۆماركراوەكانیش، بە روونی لە ناوچە عەرەبییەكانی شارەكە تیرۆریستان هاتوچۆ دەكەن و تەنانەت ماڵان دەپشكنن، پرسیار ئەوەیە بۆچی پارێزگاری شارەكە لە هیچ كوێ دیار نەبوو؟ ئەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی كە پێشتر شەڕ لە وڵاتێكی تریش رووی بدایە یەكسەر دەگوترا شێخ لاهوور گەیشت؟ ئێستە كەركووكییەكان هەست بە بێ خاوەنی و بێ متمانەیی دەكەن، بۆیە وەك ئاری حەمید گەنجێكی شەڕكەری كەركووكی بە "وشە"ی گوت، "ئەوانەی پشتمان پێ بەستبوون، تەنیا پارەیان لە كەركووك دەوێ، لە كاتی تەنگانە دیار نین، بۆیە بڕیارمان داوە خۆمان شارەكە بپارێزین".
داعش هەینی بۆ گرتنی كەركووك و كۆتاهێنانی بە هەموو خەونەكانی كورد هاتبوو، بەڵام ئەو پیلانە لە شوێنی خۆیدا بە خرۆشانی دانیشتوانی شارەكە پووچەڵ كرایەوە.



تاكتیكی ئەو داعشانەی هاتنە كەركووك و دەركەوتنی قاسم سولەیمانی
رۆن بن یەشایی پسپۆڕێكی سەربازی ئیسرائیلی، لە رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنۆت"ی ئیسرائیلی وتارێكی نووسیوە و تێیدا دەڵێ، پێویستە سوپای ئیسرائیل و هێزە تەناهییەكان زۆر بە وردی لە تاكتیك و شێوازەكانی جەنگی چەكدارانی داعش بڕوانن و بەراوردی بكەن، ئەو هێرشەی چەكداران كردوویانەتە سەر كەركووك و بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش لە سەنگەرەكانی شەڕی مووسڵ، تەواو نزیك و وەك یەكە لەگەڵ شێواز و تاكتیكەكانی چەكدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین بۆ سەر ناوچەكانی ژێردەستی سوپا و هێزە تەناهییەكانی ئیسرائیل.

لێكدانەوەی تاكتیكەكانی چەكدارانی داعش لە هێرشەكەی كەركووك و مووسڵ و بەراوردكردنی بە توانا و تاكتیكەكانی جەنگی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامیی "حەماس"، لە كاتێكدایە رۆژی دووشەم دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی كەركووك، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران لە شاری سلێمانی و لە ماڵی شەهید حوسێن مەنسوور دەركەوت.

دەركەوتنەكەی قاسم سولەیمانی و لێكدانەوەی پسپۆڕە ئیسرائیلییەكە، دەرخستنی نزیكی تاكتیكی چەكدارانی داعش و بزووتنەوەی حەماسی سەربە ئێران، گومانەكان هێندەی تر لە هێرشەكەی سەر كەركووك زیاتر كردووە كە ئەو هێرشەی كرایە سەر كەركووك، هەوڵێك بووبێت بۆ بەدەستەوەدانی شارەكە بە ئێران، ئەویش لە رێگەی كۆنتڕۆڵكردنی كەركووك لەلایەن داعشەوە و دواتریش هێرشی هەمەلایەنەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران و كۆنتڕۆڵكردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانەوە هاوشێوەی تكریت و ئەنبار و فەلووجە.

كێ كەمتەرخەمە؟
هاتنی داعش بۆ كەركووك تەنیا رۆژی هەینی ڕابردوو نەبوو، بەڵكو ساڵی رابردوو لە میحوەری مەلا عەبدوڵا و مەكتەب خالید كە وەستا ڕەسووڵ فەرماندەیی ئەو میحوەرە /یەكێتی/ دەكات، تیرۆریستانی داعش هاتنە دەوروبەری شارەكە و دواتر هێزی پشتیوانی گەیشت و تێكی شكاندن، هەر ساڵی رابردوویش چەند تیرۆریستێك توانییان باڵەخانەی جەواهیر مۆڵ لەناو كەركووك كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام ئەو رۆژە راستەوخۆ لاهوور شێخ جەنگی دەركەوت و گوتی بە پەلە كۆنترۆڵی دەكەینەوە، بەڵام گومانەكان قووڵتر دەبن كاتێك ئەم هەموو سەرپێچییە لە كەركووك روو دەدات و كەس ناخرێتە بەر لێپرسینەوە و پارێزگاری شارەكەیش مێش میوانی نییە، وەك ئەوەی هیچ رووی نەدابێت.

لەتیف فاتیح فەرەج چاودێری سیاسی و دانیشتووی كەركووك بۆ "وشە" دەڵێ، "لە كەركووك واقیعێكی زۆر جیاواز هەیە، نە بەغدا دەتوانێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسی تەناهیی شارەكە بكات، نە كوردستانیش بە تەنیا دەتوانن لێكۆڵینەوە بكەن، لە كەركووك سێ حكوومەت سیاسەت دەكات و هیچیشیان ناتوانن رێوشوێن لەگەڵ  كەمتەرخەمییەكان بگرنە بەر".

ئەو چاودێرە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە تۆمەتباركردنی یەكێتی و پارتی بەرامبەر یەكتر، عەیبە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردی، ئەوان ئەركی پاراستنی وڵاتیان لەسەرشانە و هێزی پێشمەرگە هی ئەوانە. لەتیف پێی باشە "لەبری ئەو تۆمەتباركردنانە، پێویستە بەیەكەوە ژووری شیكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوە دابنێن و هۆكارەكان لێك بدەنەوە، بۆچی داعش لەوكاتەدا هێرشی كرد و چۆن هاتە شارەكە و كێ لە پشتیانەوە بوو؟".



بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، هەواڵگری عێراق پێشتر ئاگەداری پارێزگاری كەركووكی كردبووەوە كە داعش نیازی هەیە هێرش بكاتە سەر كەركووك، جگە لەوەش لەوكاتەی هێرشەكە كرایە سەر كەركووك، نەجمەدین كەریمی پارێزگاری شارەكە، تا دووەم رۆژی شەڕەكە لە كەركووك دەرنەكەوت، تەنیا لێدوانێكی بڵاو كردەوە كە "هیچ باڵەخانەیەكی حكوومی لەلایەن داعشەوە نەگیراوە". بەڵام دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش وێنە و ناوی هەموو تیرۆریستانی بڵاو كردەوە كە گیراون و كوژراون. پارێزگار لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، دووشەمی رابردوو لە كەركووك بینراون.

سەرچاوەیەك لە هێزە تەناهییەكانی كەركووك بۆ "وشە" گوتی، كەمتەرخەمی هێرشەكان لە نێو هێزەكانی تەناهیی كەركووك هیچ كات دەرناكەوێت، چونكە كەمتەرخەمی گەورە لە پارێزگار و دەسەڵاتی شارەكەدایە و ئەوان خەریكی بازرگانین و رەوشی شاریان بەلاوە گرنگ نییە.

كێ بەرگریی لە كەركووك كرد؟
لەو كاتەی تیرۆریستان دەربازی شاری كەركووك بوون و لە هەشت گەڕەكی شارەكە و شارەدێی دووبز دەستیان بە كردەی تیرۆریستی كرد، جۆرێك شڵەژان بە هەموو دیمەنەكانەوە دیار بوون. لەتیف فاتیح فەرەج دەڵێ "لە سەنتەری كەركووك 11 هەزار پۆلیسی ناوخۆ هەیە، بەڵام لەو هێرشە ڕۆڵیان وەك پێویست نەبووە، هاوكات ئاسایشی یەكێتی و پارتیشی لێیە و قوربانییان دا، بەڵام كەمتەرخەمی لە هەموو لایەكەوە هەیە".

سەرچاوە تایبەتەكەی "وشە" گوتی، ئەوانەی بەرگرییان لە كەركووك كرد لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژە و رۆژانی دواتریش، ڕوونە كە كێ بوون و لە میدیاكاندا ئاشكران، خەڵكی شار بە پلەی یەكەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی سەربە ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانی بوون كەركووكیان لەو كارەساتە رزگار كرد.

مستەفا چاوڕەش یەكێك لە سەركردە دیارەكانی یەكێتیی نیشتمانی لە ناوەندی بڕیار بە "وشە" دەڵێت، "سەركردە سەربازییە بە ئەزموونەكانی یەكێتی لە ناوەندی بڕیارن، بۆیە رۆڵیان هەبوو لە دەرپەڕاندنی داعش لە كەركووك لە رووداوەكەی هەینی رابردوو".

مستەفا چاوڕەش بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە و سەركردەی دیاری ناوەندی بڕیاری یەكێتی، دووپاتی دەكاتەوە كە لە پاش دزەكردنی چەكدارانی تیرۆریستی داعش بۆ ناو كەركووك، سەركردەكانی باڵی ناوەندی بڕیار وەك ئەركی سەرشانیان بەشداری بەرچاویان كرد لە راوەدوونانی ئەو تیرۆریستانە، بۆیە بە سەرپەرشتیی كۆسرەت رەسووڵ و تەواوی سەركردە سەربازییەكانی ناوەندی بڕیار، دەستبەجێ لە كەركووك كۆ بووینەوە و تەواوی هەوڵەكانمان خستە گەڕ بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دۆخەكە.
 
26 ملیۆن دۆلاری كامێرای چاودێری دیار نییە
چوار ساڵ بەر ئێستە، پڕۆژەی دانانی كامێرای چاودێری لە تەواوی شاری كەركووك بە بڕی 26 ملیۆن دۆلار پارەی بۆ تەرخان كرا، بەڵام تا ئێستە ئەو پڕۆژەیە ئەنجام نەدراوە، لەتیف فاتیح فەرەج دەڵێ، "ئەوەندەی من ئاگەدار بم تێچووی پڕۆژەكە 18 ملیۆن دۆلارە، هەر چەندێك بێ، پڕۆژەكە نەكراوە، ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار دەبێ وەڵام بدەنەوە، ئەنجوومەنی پارێزگا شكستیان خواردووە".

"وشە" بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو پرسە، پێوەندی بە كامیل ساڵەیی قایمقامی كەركووك كرد، ئەو گوتی، ئێمە ئاگەداری وردەكاری و چۆنیەتیی پڕۆژەكە نین و ناشزانین بۆچی جێبەجێ نەكراوە، پێویستە ئەمە لە پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگا بپرسن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە"، تەندەری كامێراكانی چاودێریی كەركووك، بۆ برایەكی نەجمەدین كەریم پارێزگاری شارەكە دەرچووە و جێبەجێ نەكراوە.


وشە - تایبه‌ت