چارەسەری سیحری ڕزگاربوون لە قەڵەوی دۆزرایەوە

:: AM:11:28:21/05/2017 ‌

شارەزایان ئامێرێكی نوێیان گەشە پێ داوە كە لە شێوەی باڵۆنێكە و دەتوانرێ هاوشێوەی حەبێك بیخۆن و بە دەزوویەكەوە دەمێنێتەوە و دەبرێتە نێو گەدەی مرۆڤ، كاتێك گەیشتە ناو گەدە لەڕێی ئەو دەزووە كە هاوشێوەی لوولەیەكی بچووكە، ئەو باڵۆنە هەوای تێ دەكرێ و بەمەش گەدە پڕ دەبێتەوە و شوێنێكی ئەوتۆی نامێنێ تا خواردنی زۆر بخۆن، تەنیا بە مانەوەی چوار مانگی ئەو باڵۆنە لە نێو گەدە دەتوانن بە تەواوی كێشی لەشتان كەم بكەنەوە.

شارەزایان دەڵێن، ئەم جۆرە باڵۆنە زۆر سوودبەخشە بۆ ئەوانەی بە دەست قەڵەوی لە ڕادەبەدەر دەناڵێنن و هەست بە بێهیوایی دەكەن لە لاوازبوونەوە، لە جیاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بچووككردنەوەی گەدە و لابردنی چەوری زیادە، كە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە تێچووێكی زۆری دەوێ، دەتوانن تەنیا بەم باڵۆنە بگەن بە هەمان ئەنجامەكان كە لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە پێی دەگەن.

ئەو باڵۆنە ناوی "Elipse"یە و بە باڵۆنی گەدەش ناوی دەركردووە، دەتوانرێ بە ئاسانی بخرێتە نێو جەستە و بخرێتە‌ دەرەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سڕكەر و نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجام بدرێت.

دوای بەرهەمهێنانی ئەو ئامێرە لەسەر 42 قەڵەو تاقی كراوەتەوە و ئەوان گەیشتوون بە ئەنجامی زۆرباش و توانیویانە لە ماوەیەكی كەم سێیەكی كێشی جەستەیان لە دەست بدەن، بۆیە شارەزایان لە كۆنگرەی ئەوروپا لەبارەی قەڵەوی كە لە پرتوگاڵ ساز كرا، ئامێرەكەیان بە فەرمی خستە ڕوو.

دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستیی نیشتمانی پێشوازی لەو ئامێرە نوێیە كرد كە زانكۆی ساپینزای ئیتاڵی لە ڕۆما پێی گەیشتوون، تێچووی ئەو باڵۆنە دوو هەزار و 200 تا سێ هەزار و 400 پاوەندە، ئەمەش لە كاتێكدایە ساڵانە لە بەریتانیا شەش هەزار و 400 كەس نەشتەرگەری بۆ كەمكردنەوەی كێشی جەستەیان دەكەن و هەر نەشتەرگەرییەكیش هەشت هەزار پاوەندی تێ دەچێت، دوای چوار مانگ ڕاستەوخۆ باڵۆنەكە لە نێو گەدە بێ ئەوەی هیچ زیانێكی هەبێ دەتەقێت و لەگەڵا پاشماوەی مرۆڤ دێتە دەرەوەی جەستە.

سەرچاوە/RT.






وشە - باز ئه‌حمه‌د