شێخ ته‌میم حه‌مه‌د میری قه‌ته‌ر ڕای گه‌یاند كه پێویست ناكات دژایه‌تیی ئێران بكات بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ دۆستی به‌ره‌كه‌ی تره، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به دروستكه‌ری كێشه‌ی یاسایی بۆ وڵاته‌كه‌ی ناو ده‌بات.
میری قه‌ته‌ر له گوتارێكدا به‌بۆنه‌ی ده‌رچوونی تیمێكی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌ی ده‌ڵێ، قه‌ته‌ر تووشی هه‌ڵمه‌تێكی نه‌شیاو بووه كه دوای سه‌ردانی دۆناڵد تره‌مپ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چڕ بووه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێ دۆخی ئێمه به تیرۆره‌وه ببه‌ستنه‌وه.
وڵاتی قه‌ته‌ر ئه‌گه‌رچی به‌شێكه له هاوپه‌یمانیی ئیسلامیی (سوننه)، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك سعوودیه و ئیمارات به‌شداری له شه‌ڕی دژی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن نه‌كردووه و چه‌كی نه‌كڕیوه، تۆمه‌تباره به نزیكبوونه‌وه له ئێران، جگه له‌وه‌ی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ئیخوان موسلمینی داڵده داوه و هاوكاریی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له فه‌له‌ستین ده‌كات، بۆیه به هاوكاریی تیرۆر له قه‌ڵه‌م ده‌درێ، میری قه‌ته‌ریش ده‌ڵێ، ئه‌م جۆره تۆمه‌تانه خزمه‌تی ناوچه‌كه ناكات، ئێمه ته‌نیا ئه‌وه‌مان كردووه كه پێویسته بیكه‌ین و ده‌ستێوه‌ردانمان له كاری هیچ وڵاتێك نه‌كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، نابێ قه‌ته‌ر بكرێته به‌رده‌باز بۆ هێنانه‌وه‌ی بیانوو بۆ ئه‌مه‌ریكا تا جارێكی تر مۆڵگه‌ی سه‌ربازیی خۆی له كه‌نداودا به‌هێز بكات، ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موو مافێكی فه‌له‌ستینییه‌كانین و دانیش به ئیسرائیل‌دا ده‌نێین و پێوه‌ندییه‌كی باشمان هه‌یه، به هه‌مان شێوه‌ش پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئێران وه‌ك یه‌ك هه‌یه، هه‌رگیز دانایی نییه له‌به‌ر لایه‌ك، پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران بپچڕێنین.