خەڵكی خورماتوو خانوویەك بۆ ماڵی پێشمەرگە دیلەكە دەكڕن

:: PM:03:31:22/06/2017 ‌

دوای ئەوەی پێشمەرگەیەكی لیوای 116ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، نزیكەی مانگێكە لە میحوەری خورماتوو بە دیل كەوتووەتە دەست داعش و تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە، بەڵام خەڵكی خورماتوو كە لە سنوورەكەیان ئەو پێشمەرگە كەوتە دەست داعش، خانوویەكیان بە دیاری بۆ منداڵەكانی كڕی لە سۆران.

سەید ئەحمەد مامر ساڵی 2003 بووەتە پێشمەرگە و دانیشتووی گوندی "كانی چركان"ی سەربە شارەدێی خەلیفان /نزیك سۆران 96 كم رۆژهەڵاتی هەولێر/ـە، خێزاندارە و خاوەن پێنج منداڵ كە سێ كچ و دوو كوڕن، نزیكەی 30 رۆژە بە برینداری كەوتووەتە دەست داعش و ماڵ و منداڵیشی لە خانووی كرێدا ژیانیان دەگوزەراند، وەك ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانی خەڵكی سنووری شارۆكەی خورماتوو، هەڵساون بە كڕینی خانووێك بۆ كەسوكاری ئەو دیلە .

شەمسی خان خدر هاوسەری پێشمەرگە دیلەكە بە"وشە"ی راگەیاند، "هاوسەرم لەگەڵ هاوسەنگەرانی رۆژی 26 ئایار/مایۆی رابردوو بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ لە میحوەری خورماتوو بۆ بەجێگەیاندنی ئەركی سەربازی براوە، دوای دوو رۆژ هەواڵمان بۆ هات كە تیرۆرستانی داعش لە گوندی (حلێوەی بچووك) هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگە و ژمارەیەك بریندار بوونە، هاوسەری منیش یەكێك بوو لەوانەی بریندار بوو و دواتر وەك دیل كەوتە دەست داعش".

ئەو ئافرەتە بە چاوی پڕ لە گریانەوە، داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە كرد هاوكاری تەواوی بكەن و بەهەر شێوەیەك بووە هاوسەرەكەی ئازاد بكەن. 

شەمسی جیا لەوەی پیاوەكەی دیل كراوە، باری گوزەرانیشی زۆر خراپە، بۆیە بەو دیارییەی خەڵكی خورماتوو زۆر خۆشحاڵە. ئاماژەی بەوە دا "لە خانووی كرێدا ژیانمان دەگوزەراند و باری ئابووریمان خراپ بوو، خۆشبەختانە لەلایەن خەلكی بەشەرەفی خورماتوو خانووێكیان بۆ ئێمە كڕیوە، جێی دەستخۆشییە و كارێكی زۆر گەورەیە بۆ ژیانی ئێمە".

مامۆستا محەمەد ئیبراهیم خەڵكی خورماتوو و یەكێك لەو كەسانەی كە هەڵساوە بە كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ كڕینی خانوو بۆ ماڵباتی ئەو پێشمەرگە دیلەی سۆران بە" وشە"ی راگەیاند، "مانگی رابردوو پێشمەرگەیەكی دەڤەری سۆران لەكاتی ئەركی سەربازی لە میحوەی خورماتوو بەدیل كەوتە دەست تیرۆرستانی داعش، هاوكات ماڵ و منداڵی لە دۆخێكی ناهەمواردا لە خانووی كرێدا دەژیان، بۆیە وەك وەفایەك توانیمان بە هاوكاری خەڵك و خێرخوازانی سنووری خورماتوو، خانوویەكیان لە شارۆكەی سۆران بە بڕی زیاتر لە 30 هەزار دۆلار  بۆ خێزان و منداڵەكانی ئەو پێشمەرگە سەربەرزە بكڕین".

دوای ئەوەی داعش ئەو پێشمەرگەیەی بەدیل گرت، ئێوارەی هەمان رۆژ لە ئاكاونت و پەیج و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی خۆیان وێنەی سەید ئەحمەد بڵاو كردەوە و لە وێنەكەدا دیارە ناسنامەی پێشمەرگایەتی لە بەردەم كامێرا راگرتووە.

لە سەرەتای شەڕی داعش كە لە ئابی 2014ەوە رووی لە كوردستان كردووە، تا ئێستە 62 پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن تیرۆرستانەوە بە دیل گیراون و زیاتر لە 50 دیل لە میحوەرەكانی كەركووكەوە كەوتوونەتە دەست تیرۆرستان.

لە شەڕی داعش تا ئێستە هەزار و 700 پێشمەرگەی كوردستان شەهید بوونە و نزیكەی 10 هەزاریش بریندار بوون، بەڵام داعش لەسەر دەستی ئەو پێشمەرگانە شكستی هێنا و خۆری خەلافەتەكەی بەرەو ئاوابوونە.

سۆران/مورشید برادۆستی 











وشە - تایبه‌ت