بۆچی زۆرینەی بەرپرسانی ئیدارەی سیدەكان لە شارەدێكە نیشتەجێ نابن؟

:: PM:06:07:22/06/2017 ‌

بەرپرسانی شارەدێی سیدەكانی لە دەڤەری برادۆست لە سنووری شارۆكەی سۆران لە سیدەكان و لە شوێنی دەوامی ئاسایی خۆییان نیشتەجێ نابن و ئەوان بە دووری 35 كم روویان لە شارۆكەی سۆران كردووە، ئەمەش خەڵكی دەڤەرەكەی نیگەران كردووە. 

ئەمە لە كاتێكدایە كە زۆرینەی بەرپرسە حكوومی و حزبییەكانی سیدەكان خەڵكی ناوچەكەن و پێشتر ماڵییان لە سیدەكان بووە و بە پێی تێپەربوونی كات ماڵی خۆیان لە سیدەكان گواستووەتە سەنتەری شارۆكەی سۆران.

نیشتەجێ نەبوونی ماڵی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و سەربازی سیدەكان، چین و توێژەكانی دەڤەرەكەی نیگەران كردووە و هیواخواز بوون لە خۆشی و ناخۆشی ژیان لەگەڵییاندا بەشدار بن، كە زۆرینەی بەرپرسانی حكوومی لە سیدەكان خانوو و زەوییان لە حكوومەت وەرگرتووە و سوودمەند بوونە و بەشێك لە بەرپرسانیش خانووەكانیان فرۆشتووە و ئێستە لە سۆران نیشتەجێبوونە.

عیسا لاوە چالاكوانی بواری مەدەنی و دانیشتووی شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، نیشتەجێبوونی بەرپرسان لە سیدەكان جیا لەوەی مەسرووفاتێكی زۆر لە سەر حكوومەت كەم دەكاتەوە بەهۆی خەرجی ئۆتۆمبێلەكانیان، لە هەمان كاتیش پابەندی دەوامی ئاسایی خۆیان دەبن و زیاتر كار بۆ هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە دەكەن، هەروەها زیاتر لە ژیان و نەهامەتییەكانی خەڵكی دەڤەرەكە تێ دەگەن.

ئەو چاڵاكوانە زیاتر گوتی، بەداخەوە جگە لە چەند بەرپرسێكی حكوومی نەبێت، بەرپرسانی تری سیدەكان بە شێوەیەكی گشتی ماڵییان لە سۆرانە و لە شارەدێی سیدەكان و شوێنی دەوامییان نیشتەجێ نابن، هەروەها بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی ئەو دامودەزگەیانە، هاوكات رێژەیەكی زۆری بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان و پزیشكەكانیش رۆژانە لە شارۆكەی سۆران بۆ دەوامی رۆژانەیان بە دووری 35 كم لە سۆران بە رێگەیەكی سەخت هاتووچۆی شارەدێی سیدەكان دەكەن.

شوان عەزیز بەرپرسی هۆبەی كشتووكاڵی سیدەكان كە یەكێكە لەو بەرپرسانەی لە سیدەكان نیشتەجێ نییە و لەلایەن حكوومەتی هەرێم خانووی پێشكەش كراوە، رۆژانە لە سۆران بۆ دەوام روو لە سیدەكان دەكات، ناوبراو بە "وشە"ی گوت، پێشتر چەند ساڵێك لە سیدەكان نیشتەجێبووین هیچ كێشەیەكم نییە، سیدەكانیش لە زۆر شوێنەكان خۆشترە، بەڵام هۆكاری رۆیشتنی من لە سیدەكان بۆ سۆران خوێندنی قوتابییەكانم بووە. 

ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، چەند قوتابییەكی كچم هەیە لە كۆلێژ و پەیمانگەكان دەخوێنن حەزیان بە مانەوە لە بەشی ناوەخۆیی و خانووی كرێ نییە، بۆیە ناچار بووم ماڵی خۆم لە سیدەكان بگوازمەوە سۆران و ئێستە لە سۆران نیشتەجێم، بەڵام بۆ دەوام كێشەم نەبووە و رۆژانە دەوامی ئاسایی خۆم دەكەم و سەردانی سیدەكان دەكەم.

هاوكات بە مەبەستی زانینی هۆكاری نیشتەجێ نەبوونی سەرۆك شارەوانی سیدەكان لە دەڤەرەكە، "وشە" پێوەندی پێوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەو بارەیەوە بكات، ئەمە لە كاتێكدایە لە سیدەكان خانووی حكومیشی پێ دراوە.

لای خۆیەوە خورشید عەبدولڕەزاق بەرپرسی نووسینگەی بانكی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرچەندە دوو وەجبە خانوو لە سیدەكان دابەش كراوە و زۆر بەرپرس لێی سوودمەند بوونە، كەچی وەك بەرپرسی بانك سوودمەند نەبوومە، هەروەها خاوەنی دوو خێزانم و پێشتریش ماڵم لە سۆران بووە لە سیدەكان نیشتەجێ نەبوومە، حكومەتیش بە مەبەستی هاتوچۆی دەوام لە سۆران بۆ سیدەكان ئۆتۆمبێلی بۆ گرتوومە و كێشەم نییە و لە كاتی خۆیدا رۆژانە پابەندی دەوام دەبم. 

دیار هەمزە ئابووریناس لە دەڤەری سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، لە رووی ئابووری و كارگێڕییەوە گرینگە بەرپرسانی كارگێڕی و خزمەتگوزاری نیشتەجی ئەو ناوچەیە بن كە بەرپرسیاریەتیان تیادا هەڵگرتووە، بەتایبەت لەكاتی بوونی تەنگەژەی داراییدا و پێویستە لەسەر حكوومەت هەموو شێوازێك بەكاربێنێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو خەرجییانەی كە ناپێویستن، چونكە كەمكردنەوەی خەرجی راستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات.

ئەو ئابووریناسە روونی دەكاتەوە، مەبەستمان لە خەرجی ناپێویست وەك هۆكارەكانی گواستنەوە، كە هەبوون و نیشتەجێبوونی بەرپرس لە شوێنی بەرپرسیاریەتی ئەو خەرجییە ناهێلێت كە لە رووی ئابوورییەوە بە ناپێویست دەزانرێت، ئەگەر لەكاتی بێ تەنگژەدا ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ مەبەستی گواستنەوە و خواردن دەنێردرا، ئەگەر ئەم خەرجییە ناپێویستانە نەبان ئەو پارەیە دەچووە سەر گەنجینەی حكوومەت و رەنگە ئیستە ببایە بەشێك لە یەدەگ و دۆخی داراییش بەم شێوەیە نەدەبوو.

زیاتر گوتی، لە رووی كارگێڕییەوەش گرنگە بەرپرسانی سیدەكان ماڵییان لە سیدەكان بێت و لە سیدەكان نیشتەجێ بكرێن، چونكە پێم وایە حكوومەت لە سیدەكان ئاسانكاری باشی  بۆ زۆربەی بەرپرسان كردووە بە پێدانی خانووی نیشتەجێبوون، لە هەمان كاتیش زیاتر لە نەهامەتی خەڵك تێ دەگەن و بەهۆی نزیكییان لە خەڵك و دانیشتووانی شوێنی بەرپرسیاریەتییان، هەروەها لە رووی جەماوەری و باوەر بەخۆبوون و دروستبوونی كەسانی تر و كاریزما رۆلییان هەیە باوەر و متمانە بۆ خەڵك دەگەرێتەوە، هەروەها بە نیشتەجێبوونی بەرپرسان لە سیدەكان مەترسییان لە سەر ژیانیان كەم دەبێتەوە، كە بە هۆی هاتووچۆی دەوامییان لە سۆران بۆ سیدەكان رۆژانە رێگەیەكی زۆر سەخت و دوور دەبڕن، بێجگە لەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوە كاریگەرییەكانی پیسبوونی ژینگە.

لای خۆیەوە كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ بڕیارێكی حكوومەت و سەرووی ئێمەوە دەرنەچووە كە بەرپرسان ناچار بكرێن لە شوێنی دەوامكردنییان نیشتەجێ بن، كەی بڕیارێكی وا دەرچوو بێگومان بەرپرسانی سیدەكان و شوێنەكانی تریش دەبێت ماڵییان لەو شوێنە بێت كە دەوامی لێ دەكەن.

بە گوتەی قائیمقامی شارۆكەی سۆران هاتووچۆی بەرپرسانی سیدەكان لە سۆران بۆ شوێنی بۆ دەوامیان، بارگرانی زۆر لەسەر حكوومەت دروست دەكات و زەرەر بە ئابووری حكوومەت دەگەیەنن و ئاشكرای دەكات كە بۆ لایەنی دارایی هەم بۆ راپەڕاندنی ئیش و كارەكانیان زۆر باشترە بەرپرسان ماڵییان لە شارەدێی سیدەكان بێت.

شایەنی باسە، شارەدێی سیدەكان ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆران لە پارێزگەی هەولێر، سیدەكان بە دووری 144 كم لە بەشی باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵ كەوتووە، تا پێش ساڵی 1996 بە فەرمی هەر بە شارەدێی برادۆست دەناسرا، شوێنێكی دووە دەستە و كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە و زیاتر لە 15  هەزار كەس لەو شارەدێیە دەژین.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل