بەوێنە.. كام كچە كورد شایەنی نازناوی باڕبییە؟

:: PM:08:24:22/06/2017 ‌

سێ خانمە گۆرانیبێژی كورد و خانمە مۆدێلیستێكی جلوبەرگی كورد وێنەی تایبەتی خۆیان لەگەڵ وێنەی بووكەشووشە و باڕبی بڵاو دەكەنەوە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆیان بە باڕبی دەچوێنن و حەز دەكەن ببنە خاوەن نازناوی باڕبی كوردی.

سەرەتا هەوری غەریب كچە نمایشكاری جلوبەرگ و دوانیشتووی نەرویج بەنیازە بەمزوانە یەكەم بەرهەمی گۆرانی بڵاو بكاتەوە لەبارەی بەرهەمە نوێكەی و عاشقی بۆ باربی بە"وشە"ی راگەیاند، بەمزوانە یەكەم بەرهەمی گۆرانیم بڵاو دەكەمەوە بەناوی "لەگەڵمابی" بە هاوكاری هەڵۆی برام كە ئاواز و تێكستەكەی بۆ داناوە و لە ستۆدی پڕۆ تۆمار كراوە و لە نەرویج كاری كلیپی بۆ كراوە و چیرۆكەكەی باسی خۆشەویستی دەكات.

ئەو زیاتر دەڵێت، زۆرجار پێم دەڵێن تۆ لەباڕبی دەچیت و خۆشم كەمێك عاشقی باڕبیم و حەز لە بووكی باڕبی دەكەم ، هەندێك كەسیش پێیان گوتوم كچی پەپوولە یا بووكەشووشە، گرنگ نییە بەلامەوە خەڵكی بەهەر شتێك بیانەوێ دەتوانن بانگم بكەن، پێشتر گۆرانی هاوبەشی نیشتیمانیم لەگەڵ چەند هونەرمەندێك تۆمار كردووە، بەڵام وەك یەكەم بەرهەمی تایبەت بەخۆم ئەو گۆرانییە یەكەم بەرهەممە. 

هەروەها كۆمسای خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد وێنەی تایبەتی خۆی و باڕبی بە یەكەوە بڵاو كردووەتەوە بەستایلە نوێكەی و خۆی بەراورد كردووە بە باڕبی و گوێگرانی دەنگیشی ڕای خۆیان دەربڕیووە لەو بارەیەوە.

خانمە گۆرانیبێژ هەزان ئەتێش، كە یەكێكە لە كچە گۆرانیبێژەكانی باكوری كوردستان و نیشتەجێی كوردستانە و لە شارەكانی كوردستان ئاهەنگ و كۆنسێرت ساز دەكات، وێنەیەكی تایبەتی خۆی بڵاو كردووەتەوە بە بەراوردكردنی خۆی لەگەڵ بوكی باڕبی، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە ئایا ناوبراو لە باڕبی دەچێت و شایەنی ئەوەیە ببێتە خاوەن نازناوی باڕبی و وەك ئەو جوان دەردەكەوێت. 

كچە مۆدێلیستی ئێرانی نەفەس بەشێوەیەكی جیاواز خۆی دەگۆڕێت و میكیاژ دەكات تاوەكو وەك بووكەڵەی باڕبی دەربكەوێ، لەو بارەیەوە رای گەیاندووە، تاكە باڕبی جیهانم كە هیچ نەشتەرگەرییەكی جوانكاری ئەنجام نەداوە، خۆی بە باڕبی كوردی دەناسێنێت، لەگەڵ فۆتۆگرافەرێكی كورد چەند وێنەیەك دەگڕێت و بڵاویان دەكاتەوە و دەیەوێ بە شێوازی دەركەوتنی نازناوی باڕبی بەدەست بێنێت.

ئەو دەڵێت، دایكم هاوكاری كردووم بۆ ئەوەی جلوبەرگی هاوشێوەی باڕبی دروست بكەم، نەفەس تەمەنی 19 ساڵە و لە سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە و ماوەی ساڵێكە لە باشووردا دەژی. 

شایەنی باسە باڕبی بووكەڵەیەكی دروستكراوی تایبەت و جوان و سەرنجڕاكێشە و بەشێكی زۆر لە خانمان لە سەرانسەری جیهان حەز دەكەن وەك ئەوان دەربكەون و بەشێك لەوان تەنیا لەبەر ئەو هۆكارە نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، ئەو بووكەڵەیە لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمەریكییەوە خراوەتە بازاڕ و لە جیهاندا ناوبانگێكی زۆری هەیە.


وشە/ شاخەوان شێخانی





































وشە - مه‌حموود ئیسماعیل