بەوێنە...لە سۆران مەڕ و ماڵات سیمای شاریان تێکداوە

:: PM:03:17:23/06/2017 ‌


 

لە شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی نزیكی گوندەكان لە سەنتەری شار، ژمارەیەكی زۆر لە مانگا و مەڕوماڵات لەناوەندی سۆران بڵاو بوونەتەوە و رۆژانە  زیان بە دار و درەختی شارۆكەكە دەگەیەنن و زۆر جار بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەكان و ماڵی هاووڵاتییانیش دەچن و بوونەتە مایەی بێزاری خەڵک و حکوومەت.

 

دوریا زكری دەرچووی زانكۆ و دانیشتووی سەنتەری شارۆكەی سۆران بە " وشە "ی راگەیاند" سۆران لەهەموو بوارەكان خەریكە پێشڤەچوونێكی باش بەخۆیەوە دەبینێت و ئێستە سۆران یەكێكە لە شارۆكە هەرە گەورەكانی كوردستان، بەڵام بەداخەوە دیاردەیەكی زۆر ناشیرین لەو شارۆكەیە سەری هەڵداوە ئەویش بەڕەڵا كردنی مانگا و بزن و ئاژەڵەكانە بەشێوەیەك بە نوێژی نیوەڕۆئاژەڵ لە سەنتەری شار دەبیندرێت لە دار و بار وسەوزایی شار دەڵەوەڕێن.

 

دوریا ئاماژەی بەوەشدا پێویستە حكوومەت لەگەڵ خاوەنی ئەو ئاژەڵانە كۆبوونەوە بكات و ئاگاداریان بكاتەوە لەوەی سزای یاسایی دەدرێن ئەگەر ئاژەڵەكان بەو شێوەیە بەڕەڵا بكرێن و سیمای شار تێک بدەن.

 

هێمن هاشم گەنجێكی دانیشتووی گەڕەكی بەختیاری سۆران بە " وشە "ی راگەیاند" رۆژانە بەدەستی بەڕەڵا كردنی ئەو بزن و ئاژەڵانەی سەنتەری شار و بەتایبەت گەڕەكەكەمان دەناڵێنین، ئێمە، ناتوانین دەرگای ماڵەكەمان بە كراوەیی بۆیەك ساتیش بەجێ بێڵێن چونكە زۆر جار هەبووە دینە حەوشەی ماڵ و بۆ پەیدا كردنی خۆراک زبڵدان بەر دەرگا دەڕێژن و کۆڵان پیس دەکەن.

 

هەژار ماهیر ئێدلبی سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران بە " وشە "ی راگەیاند" رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە بە وردی چاودێری ئەم دیاردە دەكات وبەدواداچونیشی كردووە چ لە لایەنە پێوەندیدارەكانی شاری

سۆران بن چ گەیاندنی بە وەزیری ژینگەی هەرێم و لێژنەی تەندروستی وژینگەی پەرڵەمانی كوردستان،  بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

 

ئەو پێ وایە شارەكان سەنتەری رۆشنبیری و بازرگانیكردنن لە كاتێكدا گوندەكان سەنتەری بە خێوكردنی مەڕ و ماڵات و كشتوكالن و ناکرێت شار سیمای گوند وەربگرێت. رۆژانە لەلایەن ئاژەڵەكان سەوزایی و نەمامەكانی نێو سەنتەری

شار دەشكێندرێت و تێكدەدرێت، بۆیە لە لایەک كاریگەری هەیە لە سەر تێكدانی سیمای شار و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و لە لایەکی تریش هۆكاری سەرەكین بۆ بڵاوبونەوەی نەخوشی و پەتای جۆراوجۆر و پیسبوونی ژینگە .

 

موقەدەم رەزا عەبدوڵا شێروانی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەك ناتوانین ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ ئەو مانگا و بزن و ئاژەڵانە یاخود خاوەنەكانیان بكەین كە لە ناو بازاڕ بەڕەڵا دەكرێن و سیمای شاریان تێكداوە .

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران ئاشكراشی كرد" لەگەڵ دەستەی پاراستنی ژینگە باسی ئەو كێشەیەیان كردوە، خەریكی سەرلەنوێ دانانی یاسای نوێی ژینگەن تا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ جێبەجێ

كردن، تا یاسایەكی تر دەرنەچێت تەنها لە رێگەی دادوەر و دادگا دەتوانن  كێشەكان یەكلایی بكەنەوە.

 

كرمانج عیزەت قایمقامی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، هەندێك گوند راستەوخۆ كەوتوونەتە نزیك سەنتەری شارۆكەی سۆرانەوە و لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی شارۆكەكە تێكەڵ بوون كە دانیشتووانی ئەو گوندانەش مانگا و مەڕ و ماڵات بەخێو دەكەن، بەڵام ئاژەڵەكانیان بەرەڵا دەكەن و بەو هۆیەوە زیانی زۆر بە دار و درەختەكانی سۆران گەیشتووە و سیمایەكی ناشرینی بە شارەكە بەخشیوە.

 

وەك قایمقامی سۆران ئاماژەی دا، لەماوەی رابردوودا 500 خاوەن ئاژەڵ لە سنوورەكەیاندا سزا دراون كە ئاژەڵەكانیان بەبێ هیچ چاودێرییەك بەڕەڵا كردووە و بەهۆیانەوە زیان بەر دار و درەختی شارۆكەكە كەوتووە.

 

ئەو زیاتر دەڵێ، "ئێستە بڕیارێكی فەرمی هەیە كە هەر مانگایەك یان ئاژەڵێك بەرەڵا بكرێت و زیان بە دار و درەختەكانی شار بگەیەنێت، ئەوە مانگاكە سەردەبڕدرێت و دەكوژرێتەوە".

 

سۆران – موڕشید برادۆستی



















وشە - سلێمان تاشان