ئەردۆغان داوای هەمواركردنەوەی رێككەوتننامەی لۆزان دەكات

:: AM:09:20:30/10/2016 ‌

لەوكاتە هەستیارەی ئاڵۆزی و كێشەكان لە سووریا لە لووتكەدان و هێزەكانیش لە عێراق خەریكی ڕزگاركردنەوەی مووسڵن، میدیاكانی توركیا خاوەنداریەتی حەلەب و مووسڵ و كەركووك بۆ توركیا بە بەڵگەوە بڵاو دەكەنەوە، چونكە زۆربەی ئەو ناوچانە بە تاپۆی ڕەشی عوسمانییەوە موڵكی عوسمانییەكان بوونە لە سەردەمی ئەو دەوڵەتەدا.

لە راپۆرتێكدا ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاوی كردووەتەوە و زۆربەی میدیاكانی ئەو وڵاتەش گواستوویانەتییەوە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە لە ئەرشیفی ڕەسمیی توركیا زیاتر لە 77 هەزار و 63 بەڵگەنامەی تایبەت بە خاوەنداریی زەویوزار "تاپۆ" هەڵگیراون، سەرجەمیان بە تاپۆی عوسمانییەكانەوە خاوەنەكانیان بۆ توركیا دەگەڕێتەوە كە زۆرینەی تاپۆكانیش باس لە زەوی و شارەكانی مووسڵ و كەركووكی عێراق و حەلەبی سووریا دەكەن.

ئاماژەی داوە، كە ئەرشیفێكی تر هەیە كە خۆی لە 32 دەفتەر دەبێنێتەوە و بە هەزاران بەڵگەی تاپۆی زەویوزاری شاری حەلەبی تێدایە و كۆی گشتی بەڵگەكان نزیكەی 100 هەزار دەبن و سەرجەمیان موڵك و تاپۆی ڕەشی عوسمانییان هەیە و خاوەندارییان بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.

جێی باسە لە ساڵی 1847 تا 1917 ئەو شارانە بە تەواوی لە ژێر دەستی عوسمانییەكان بوون و وەك بەشێك لە پرۆسەی ئاوەدانی و رێكخستنەوەی زەویوزار تەواوی زەوییەكان تاپۆ كران، ئەو تاپۆیەش ئێستەش لە كوردستان هەندێك كەس ماویەتی بە "تاپۆی ڕەشی عوسمانی" ناوی دەبەن.

چەند رۆژێك بەر لە ئێستە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا ئاشكرای كرد، پێویستە هەمووان لەوە بگەن، كە كەركووك و مووسڵ هی توركیایە، ئەوانەشی حەز بە بیستنی ئەو قسانە ناكەن، پێویستە بە مێژوودا بڕۆنەوە و وانەیەكی لێ وەرگرن.

جێی باسە پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 24ی تەمووز/یۆلیۆ داوای لە وڵاتانی دنیا كردبوو كە پێویستە پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەی لۆزانی سویسرا بكرێ كە لە ساڵی 1923 ئیمزا كرا و سنووری راستەقینەی توركیا دیاری بكرێت.

لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانی كاتێك وڵاتان دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەكان جەنگان، هێزەكانی بەریتانیا بەر لەوەی ویلایەتی مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەن، ئاگربەستی مۆدڕۆس ڕاگەیەنرا و ئەوان بەبێ شەڕ ویلایەتی مووسڵی سەر بە دەوڵەتی ئەوكاتی عوسمانییان گرت و توركیاش بەردەوام باس لەوە دەكات كە سنووری راستەقینەی وڵاتەكەی ویلایەتی مووسڵیش دەگرێتەوە.

بەگوێرەی رێككەوتننامەی ساڵی 1926 توركیا مافی پاراستنی توركمانەكانی لە ویلایەتی مووسڵ هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانێ لە ئەگەری هەڕەشە بۆ سەر ژیانیان لەسەریان بێتە وەڵام.

سەرچاوە/ ئەلقودس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د