تا ئێسته پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى میلاكى فه‌رمانبه‌ران بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستى پێ نه‌كردووه و گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش راى ده‌گه‌یه‌نێت، پرۆسه‌كه تا مانگى نۆ ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 16ى ته‌مووز، سامان سیوه‌یلى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به"وشه"ى راگه‌یاند، ئه‌و پرۆسه‌یه بوونى هه‌یه كه فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌ته‌كانى تر میلاكیان بگوازنه‌وه سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و ببن به مامۆستا، به‌ڵام تا ئێسته ده‌ستى پێ نه‌كردووه.
زیاتر گوتى، له كاتى كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌كانى خوێندن له‌مساڵدا، ره‌نگه ئه‌و پرۆسه‌یه زیاتر ڕژد بێت و فه‌رمانبه‌ران داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه تا مانگى نۆ ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت.
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتى، زیاتر ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن میلاكه‌كانیان بگوازنه‌وه كه وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده پێویستى پێیانه و به‌پێى پێویستى ده‌خرێنه شوێنه‌كان.
پێشتر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده راى گه‌یاندبوو ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى له وه‌زاره‌ته‌كانى ترن و به‌تایبه‌ت به‌شى تایبه‌تمه‌ندییان و په‌روه‌رده‌ییان ته‌واو كردووه، ده‌توانن ببن به مامۆستا و میلاكیان بگوازنه‌وه.