كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی كۆتای هات

:: PM:03:27:16/07/2017 ‌

كۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ سەعات 11 دەستی پێ كرد، كاراكردنەوەی پەرلەمانیش بەكۆتا هاتووە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی تەمووز، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی بەڕێوە چوو و تا ئێستە هیچ لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ڕانەگەیەنراوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ناوەڕۆكەكەی، پێوەندی بە بەشی زۆری بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە و بەشێكیشیان ئامادە نەبوون زانیاری ئاشكرا بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش، كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ماوە ڕابگەیەنرێت و هەموو شتێك بەكۆتا هاتووە.
 
شاندی‌ پارتیی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە نێچیرڤان بارزانی‌، فازڵ میرانی‌ و مەحموود محەمەد، شاندی یەكێتیش پێك هاتووە لە مەلا بەختیار، حاكم قادر، سەعدی‌ ئەحمەد پیرە. پرسی‌ ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان و باشكردنی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ هاووڵاتییان لە باشووری‌ كوردستان، تەوەری‌ سەرەكیی‌ كۆبوونەوەی‌ نێوان پارتی‌ و یەكێتی بووە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد