لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئاگرێکی فراوان لەسنووری گوندەکانی
چەمی رەزان کەوتەوە و بەو هۆکارەش رووبەرێکی زۆر لە پووش و پاوان و داری سروشتی و رەز
و باخی هاووڵاتیان سووتا و زیانی زۆریان پێگەیشت.
عەقیدی پۆلیس هێمن
کەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند لەماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا بەشێک
لە پووش و پاوانی گوندی "قۆچەبلاغ" ئاگری گرتووە و دواتر لە لایەن پۆلیسی بەرگری
شارستانی کۆنترۆڵ کراوە و بەو هۆیەش ٥٠٠ دۆنم لە زەوییەکان سووتاون.
دواتر لە سنووری
گوندی شێخ زەینەڵ ئاگرێکی تر سەری هەڵداوە و بەهۆی بوونی بایەکی بەهێز ئاگرەکە تەشەنەی
کردووە بۆ گوندەکانی "بیران ، قۆچبلاغ ، دەرەنار ،سیکانیان و چەند گوندێکی تر و بەهۆی فراوانی ڕووبەری ئاگرەکە، دوای ١٥
سەعات ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
بە گوتەی
پۆلیس سەرووی 20 هەزار
دۆنم لە پووش و پاوان و داری سروشتی سووتاون و زیانێکی زۆر بەر سروشتی ناوچەکە کەوتوە
و چەندین ئاژەڵ و باڵندەی کێوی زیانیان پێگەیشتووە .
بەپێی بەدواداچوونەکان
دەرکەوتووە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتیان و پاشماوەی بەجێماوی
گەشتیاران بووە.