مەلا و موختاری گوندیان لەگەڵە
داعش لە گوندێکی کەرکووک پێنج هاووڵاتی دەکوژێت

:: AM:10:20:18/07/2017 ‌



بەرەبەیانی ئەمرۆ چەند چەكدارێكی داعش دزەیان كردە ناو گوندێكی سنووری باشووری ڕۆژئاوای كەركووك و پێنج هاولاتیان کوشت، فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەیش پشتڕاستی دەکاتەوە و ئاشکراشی دەکات، یەک لە قوربانییەکان مەلای گوندەکە بووە.

ئەمرۆ سێشەم 18ی تەمووز، لیوا حەمە رێگر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو رووداوە لە گوندی "چراغ" روویدا كە یەک کیلۆمەتر لە عەلاوە مەحمودەوە دوورە، بەرەبەیانی ئەمرۆ چەند چەكدارێكی داعش دزەیان كردۆتە ناو گوندەكە و پێنج هاوڵاتیان کوشتووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو پێنج هاووڵاتییە بریتی بوونە لە مەلای گوند و موختار و پۆلیسێك و دوو هاولاتی سڤیل کە پیشەیان كاسب بووە و پۆلیسەكەشیان سەر بڕیوە.

گروپی تیرۆریستی داعش لە عێراق بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پێی وایە رەنگە ئەوە دوا پەلەقاژەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بێت لە ناوچەکە و زۆربەی هەرە زۆری هێزەکانیان بەرەو سووریا گواستووەتەوە.

کەرکووک/ئارام شێركۆ



وشە - هیدایه‌ت جان