وەزیری بەرگریی ئەمەریكا: ئەبوبەكر بەغدادی زیندووە

:: AM:09:02:22/07/2017 ‌

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا جێمس ماتیس لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، ئەگەری زۆر هەیە ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش تا ئێستەش لە ژیاندا مابێ و نەكوژرابێ، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر میدیاكانی ڕووسیا كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادیان ڕاگەیاند.

لە ماوەی ڕابردوو میدیاكانی ڕووسیا لە زاری سەرچاوە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەوە بڵاویان كردەوە، كە ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ئەنجامی بۆردمانێكی فڕۆكە جەنگییەكان لەسەر سنوورەكانی عێراق و سووریا كوژراوە.

دواتر هێزەكانی عێراق لە ناوچەی مووسڵی كۆنی دوا مەنزڵی داعش لە شاری مووسڵ، بەڵگەیەكیان لە بارەگایەكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دۆزییەوە و لە بەڵگەكە برووسكەی بە پەلە بۆ هەموو سەركردەكانی داعش نێردرابوو كە بە هیچ شێوەیەك باسی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی نەكەن، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر ورەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە شەڕەكان دانەنێت.

جێمس ماتیس لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" بە میدیاكانی ڕاگەیاند، ئێمە لەو باوەڕەداین ئەبوبەكر بەغدادی تا ئێستە لە ژیاندا ماوە، كاتێك تەرمەكەی و بەڵگەی یەكلاكەرەوە دەركەوتن، ئەوكات ئێمە باوەڕ بە كوژرانی دەكەین، ئێستەش بەشێوەیەكی گریمانەیی لای ئێمە بە زیندووە، چونكە هیچ بەڵگەیەك دووپاتی لە كوشتنی ناوبراو نەكردووەتەوە.

پێشتر ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، زانیاری دڵنیاكەرەوەیان لە سەرچاوەكان پێ گەیشتووە كە ئەبوبەكر بەغدادی كوژراوە، بەڵام تا ئێستە بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عێراقیش باوەڕ بە كوژرانی بەغدادی ناكەن.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د