سەندیكای رۆژنامەنووسان فۆڕمی دووەمی دابەشكردنی زەوی رادەگەیەنێت

:: AM:11:16:22/07/2017 ‌

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە ئەندامانی دەكات فۆڕمی دووەمی وەرگرتنی زەوی پڕ بكەنەوە، ئەمە لەكاتێكدا لە ماوەی رابردوودا رۆژنامەنووسان فۆڕمیان پڕ كردبووەوە. سەرۆكی لقی هەولێریش دەڵێ فۆڕمە تازەكە لە وەزارەتی شارەوانی هاتووە.

لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێم لە هەوڵی دابەشكردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەنی سەندیكا بە فەرمی داوای لە حكوومەتی هەرێم كرد كە پشكی رۆژنامەنووسانیش دابین بكرێت، دواجار لە كۆتای ساڵی رابردوو بڕیار درا لە رێی وەزارەتی شارەوانی زەوی بدرێت بە رۆژنامەنووسانیش.

سەندیكای رۆژنامەنووسان فۆڕمی دابەشكردنی زەوی راگەیاند، بەڵام لە تازەترین بڕیاری دا وەزارەتی شارەوانی بە نووسراوی فەرمی هاوپێچ لەگەڵیدا فۆڕمی پڕكردنەوە بۆ وەرگرتنی زەوی دەدات بە سەندیكا و داوا دەكات جارێكی تر ئەندامانیان بەو فۆڕمە تازەیە داواكاری پێشكەش بكەن.

سمكۆ عەبدولكەریم سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" پشتڕاستی كردەوە كە فۆڕمە تازەكە لە وەزارەتی شارەوانی دراوە بەسەندیكا. ئەوەشی گوت كە كاتی خۆی سەندیكا راستەوخۆ لەرێی ئەنجوومەنی وەزیران زەوی وەردەگرت بۆ رۆژنامەنووسان، بەڵام ئەم جارە لە رێی وەزارەتی شارەوانی لە چوارچێوەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەدرێت بە رۆژنامەنووسان.

لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسان لەماوەی رابردوودا تەنیا 55 كەس فۆڕمیان پڕ كردبووەوە، سمكۆ دەڵێ "ئەمە دەفەتێكی باشە بۆ ئەوانەی لە قۆناغی یەكەم فۆڕمیان پڕ نەكردبووەوە و دەتوانن ئێستە پڕی بكەنەوە, كاتەكە تا كۆتای ئەم مانگە واتە 31ی تەمووز، كراوەیە لە بەردەم رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی فۆڕمە تازەكە پڕ بكەنەوە".

سمكۆ عەبدولكەریم ئەوەشی خستە ڕوو كە نابێت ئەو رۆژنامەنووسانەی فەرمانبەرن لە رێی سەندیكاوە فۆڕم پڕ بكەنەوە، وەزارەتی شارەوانی پێی راگەیاندووین نابێت رۆژنامەنووسانی فەرمانبەر فۆڕم پڕ بكەنەوە، بەو پێیەی ئەوان لە وەزارەتەكانی خۆیشیان فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە.





وشە - فه‌رمان سادق