لە دهۆك چوار ئۆتۆمبێل پێكیان دادا و برینداری سەخت هەیە

:: PM:09:15:22/07/2017 ‌
ئێوارەی ئەمرۆ شەموو لە سەنتەری شاری دهۆك و بەهۆی پێكدادانی چوار ئۆتۆمبێل، چوار كەس بریندار بوون و برینی بەشێك لە بریندارەكان زۆر سەختە.

ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك، ئەمڕۆ شەموو 22ی تەمووز بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری دهۆك بەهۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر و سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە چوار كەس برینداربوون، زیاتر گوتی، برینی دوو كەس لەو قوربانیانە ئەوەندە سەختە و چاوەڕوانی چاكبوونەوەیان ناكرێ.

زیاتر گوتی، رووداوەكە لەسەر شەقامی گشتی بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگەوبانی دهۆك رووی داوە و هۆكارەكەشی دگەڕێتەوە بۆ تیژلێخوڕینی شوفێران.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە هەزار كەس بوونەتە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ، لەوانەش زیاتر لە 90 كەسیان گیانیان لەدەست داوە و نێزیكەی 700 ئۆتۆمبێلیش لەكار كەوتوون و زیانێكی زۆری مادیان بەر كەوتووە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل