كارمەند بۆ بنكە تەندروستییەكانی پێنجوێن دابین دەكرێ

:: PM:01:53:27/07/2017 ‌

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رای دەگەیەنێت، توانراوە كارمەند بۆ بنكە تەندروستییەكانی گوندەكانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن دابین بكەن، كە پێشتر بەهۆی نەبوونی كارمەند و پزیشك داخرابوون.

دكتۆر میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بە"وشە"ی راگەیاند، لە ساڵی رابردوودا، بەهۆی تەنگژەی دارایی و نەبوونی كارمەند، ١١ بنكەی تەندروستی لە سنووری گوندەكانی شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری داخرابوون كە كێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست كردبوو.

ئەو گوتی، لەرێی دانانی كارمەندانی تەندروستی خۆبەخش لەو بنكە تەندروستییانە، پێویستە جارێكی تر هەموو بنكە داخراوەكان بەڕووی هاووڵاتییاندا بكرێنەوە و ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.

"وشە" پێوەندی كرد بەژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدانی پێنجوێن، بەڵام بەهۆی هەستیاری پۆستەكەیان، داوایان كرد ناویان نەبرێت. ئەوان گوتیان هیچ كەسێك لەو 33 كارمەندە تەندروستییەی كە دامەزرابوون لە مانگی 9ی ساڵی 2016، ئامادە نەبوون بچنە سەر كارەكانیان.

ئەوان گوتیان، هۆكاری سەرەكی ئەوەیە بۆ ماوەی یەك ساڵ تەنیا دوو مووچە دراوەتە ئەو كارمەندانە كە بڕەكەی 300 هەزار بووە، بۆیە دواتر وازیان هێناوە، جگە لەوەش زۆربەی بنكەكان كەموكورتییان هەیە و لەبەر تەنگژەی دارایی بۆیان دابین نەكراوە.

لە ساڵی 2016دا، بەهۆی نەبوونی كارمەند و پزیشك، 11 بنكەی تەندروستی لە سنووری گوندەكانی پێنجوێن داخران و ئەوەش كێشەی گەورەی بۆ هاووڵاتییانی ناوچەكە دروست كردبوو.

وشە/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سلێمان تاشان