لە پارێزگای هەولێر هێشتا ساڵی 2005ـە

:: PM:02:14:01/11/2016 ‌

ئەگەر هاووڵاتییەكی شاری هەولێر بەهۆی كێشەیەكەوە بیەوێت سەردانی ماڵپەری پارێزگاكە بكات، تا ژمارەی ئەندامێكی ئەنجوومەن بەدەست بهێنێ، ئەوا سەری سوڕ دەمێنێت كە هێشتا سەرەتای ساڵی 2005ە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكە تازە كراوە.

ماڵپەری پارێزگای هەولێر تا ئێستە ناوی دەرچووانی هەڵبژاردنەكەی 30/1/2005 بەسەرەوەیه، ئەو كاتە ئەم پارێزگایە 41 كورسیی ئەنجوومەنی بۆ دیاری كرابوو كە لە چوار لیستی سەرەكی پێك هاتبوون.

لیستەكانی ئەو كاتەی ئەنجوومەنەكە بریتی بوون لە لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان 23 كورسیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرپەرشتی دەكرد و لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 16 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی یەك كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی 1 كورسی كە كۆی گشتی دەكاتە 41 كورسی.

ئەوكات ئەنجوومەنەكە 12 لیژنەی هەمیشەیی هەبوو، بەڵام دوای ئەم وادەیە دوو ساڵ بەر لە ئێستە جارێكی تر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كرایەوە و 31 كورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكە دیاری كرا و تا ئێستە ئەم ئەندامانەی ئەنجوومەنی ساڵی 2013 ناویان تۆمار نەكراوە و لە پێگەی پارێزگای هەولێر تاكو ئێستە تەنها هەڵبژاردنی ساڵی 2005 كراوە .




وشە - رامیار جەواد