كەنەدا لەبارەی وەرگرتنی پەنابەر بڕیاری دا

:: AM:09:38:05/08/2017 ‌

سەرۆك وەزیرانی كەنەدا "جەستن ترۆدۆ" بە فەرمی ڕوونكردنەوەی بۆ ئەو كەسانە دا كە لە سەرتاسەری دنیا ئارەزووی وەرگرتنی مافی مانەوە لە كەنەدا دەكەن و دووپاتی كردەوە، ئەوانەیشی بە ڕێگەیەكی نایاسایی لە ئەمەریكاوە دەگەنە وڵاتەكەیان، مافی مانەوەی هەمیشەیییان پێ دەدرێت.

ترۆدۆ دوێنێ هەینی ڕاگەیاند، هەوڵی زیاتر دەخەینە گەڕ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەنابەران كە لە ڕێی ئەمەریكاوە بەشێوەیەكی نایاسایی دێنە وڵاتەكەمان، كەنەدا وڵاتێكی كراوە و هاوسۆز دەبێ، لەگەڵ ئەوەش دا پابەند و سوورە بە یاساكان و بنەماكانی وەرگرتنی پەنابەر پێویستە لەلایەن پەنابەرانیشەوە ڕێزی لێ بگیرێت.

سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، ئەو كەسانەی دەیانەوێ مافی مانەوەی هەمیشەیی لە كەنەدا وەربگرن، پێویستە بە كۆمەڵێك ڕێوشوێنی یاسایی وڵاتەكە تێپەڕ ببن، بەتایبەت ئەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئەمەریكاوە دێنە كەنەدا، دوای تێپەڕین بە هەموو ڕێوشوێنە یاسایییەكان ئاساییە و مافی مانەوە بە هەمووان دەدرێت.

دوای دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، خەڵكێكی زۆری نیشتەجێی ئەمەریكا دەستیان بە جێهێشتنی وڵاتەكە كردووە و بەرەو كەنەدا كۆچ دەكەن، زۆرینەشیان بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئەمەریكاوە بۆ كەنەدا دەپەڕنەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د