كۆمیسیۆن:مه‌ره‌كه‌ب و سندووق و فۆرمی ڕیفراندۆم ئاماده‌ن

:: AM:11:42:05/08/2017 ‌

سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان و ئەندامێكی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم ئاماژە بەوە دەكەن، 70%ی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوولی داهاتوو لە ناوخۆ تەواو بووە و كوردستانییانی هەندەرانیش لە ڕێی دوو كۆمپانیاوە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنگ دەدەن، هاوكات تا 12ی ئەم مانگە شاندی كوردستان بۆ چوونە بەغدا پێك دێ.

70%ی ئامادەكارییەكان تەواو بوون
ڕۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو، حزبەكانی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی كۆبوونەوە و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ دا و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان بۆ ئامادەكاری هاتە ڕاسپاردن. 
بۆ بە دواداچوون لە ئاستی ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ ڕیفراندۆم، هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكانی ڕیفراندۆم 70%ی تەواو بوون و مرەكەب "حوبر" و سندووق و پێداویستییە لۆجستییەكان ئامادە كراون و سەرجەمیان ستانداردی نێودەوڵەتییان هەیە. 
سەرۆكی كۆمسیۆن ئاشكرای كە تا ئێستە بۆ چاودێری ڕیفراندۆم، ڕێكخراوێكی ئەمەریكایی هاتووەتە كوردستان و لە كۆمیسیۆن خۆی تۆمار كردووە، بەردەوام ڕێكخراو و چاودێری نێودەوڵەتی تریش دێن خۆیان تۆمار دەكەن، لە داهاتوویەكی زۆر نزیكیشدا نووسینگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە.
هاوكات بەهمەن حوسێن ئەندامی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بۆ "وشە" گوتی، لە كۆبوونەوەی سێیەمی كۆمیتەی ڕیفراندۆم، كۆمیسیۆن بەشداریی كۆبوونەوەكەیان كرد و ئامادەكارییەكانی خۆیان لە ڕاپۆرتێكدا خستە ڕوو، ئەوان جیۆگرافیای ڕیفراندۆمیان دیاری كردووە كە هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای كەركووك و دیالە و مووسڵ و گوێڕ و مەخمووریش دەگرێتەوە.
هەروەها گوتی "هاوئاهەنگیش لەگەڵ كۆمیسیۆنی بەغدا كراوە، بە پشتبەستن بە داتا و تۆماری دەنگدەرانی كۆمیسیۆنی عێراق و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شارۆكە و شارەدێكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، هاوكات حوبر و سندووق و فۆرمی ڕیفراندۆم زۆر بە باشی ئامادە كراون و نموونەیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم هێناوە.

كوردستانییانی هەندەران دەنگ دەدەن
زۆرینەی ڕەهای كوردستانییانی دەرەوەی وڵات، ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەكەن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەشدار بن، بۆ ئەوە بەهمەن حوسێن گوتی، كۆمیسیۆن ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر و گرێبەست لەگەڵ دوو كۆمپانیا ئەنجام دەدرێ ئەوان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنگدان بۆ كوردستانییانی دەرەوەی وڵات ئامادە دەكەن و هەموو كوردستانییان لە وڵاتانی دنیا بەو شێوەیە دەتوانن بەشداری ڕیفراندۆم بكەن.

پرسی چوونی شاند بۆ دەرەوە
تا ئێستە تەنیا یەك شاندی ڕیفراندۆم سەردانی دەرەوەی كردووە، ئەویش شاندی باڵای ڕیفراندۆم بوو بۆ بەلجیكا و كۆبوونەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی چوونی شاندی تر بۆ بەغدا و وڵاتانی دنیا، بەهمەن حوسێن بۆ "وشە" زیاتر گوتی، دوای چوونی شاندی كۆمیتەی ڕیفراندۆم بۆ بەلجیكا، ئێستە كاری یەكەمی بریتییە لە دروستكردنی شاندێك بۆ بەغدا، بڕیارە بۆ ڕۆژی 10 تا 12ی ئەم مانگە (ئاب/ئۆگستس) شاندەكە ئامادە بكرێ و دواتر كاتی سەردانیكردنی بۆ بەغدا دیاری دەكرێ، كەسێك دانراوە و ئەركی دیاریكردنی شاندی كوردستان دەبێ بۆ چوونە بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، كۆمیتەی ڕیفراندۆم كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دیاری كردووە تا بە ڕاوێژ لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، شاندێكی باڵا پێك بێنن بۆ سەردانی بەغدا. بەهمەن حوسێن لەوبارەوە ئامادە نەبوو ناوی كەسەكە بڵێ، بەڵام دووپاتی كردەوە كە كەسێك دانراوە بۆ پێكهێنانی شاندی بەغدا و ڕێكخستنی كاروبارەكانی كۆمیتەی ڕیفراندۆم لە دیاریكردنی گوتەبێژ و سكرتارییەتی كۆمیتەكە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د