گەرماوێك 15 ساڵە دروست كراوە و كەس خۆی تێدا نەشووشتوە

:: PM:04:47:01/11/2016 ‌

ماوەی 15 ساڵە گەرماوێك لە سەنتەری شارەدێی سیدەكان سەر بە شارۆكەی سۆران دروست كراوە و تا ئێستە هیچ كەس تێیدا خۆی نەشووشتوە. 

جەوهەر شینكۆ موختاری گەڕەكی مەیدان لە سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند: گەرماوەكە بە ڕووبەری 600 مەتر دووجا كە بۆ ئەوكات و ئێستەش بۆ شارەدێیەكی وەك سیدەكان پێویست نییە و باوەڕیش ناكەم  هەر پێویست بكات.

موختار زیاتر دەڵێ: پێویست بوو حكوومەت لە جیاتی ئەو گەرماوە كە خەرجییەكی زۆری لێ خەرج كراوە، دەیتوانی بەو پارەیە پڕۆژەیەكی تری دروست كردبایە، وەك دروستكردنی بنكەیەكی نەخۆشخانە، یان  قوتابخانە یا ئاوەدانكردنەوەی گوندێك و چاككردنی رێگەیەك كە دنیایەك كەموكورتیمان هەیە، مادام هەر دروستیش كراوە، پێویستە سوودێكی لێ ببیینرێت و جوان نییە 15 ساڵە بینایەكی ئەوەندە گەورە بە بێ كاری بمێنێتەوە.

لەوبارەیەوە "كاروان كەریم خان گوندەژۆری" بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند: پڕۆژەی دروستكردنی گەرماوی سیدەكان لەلایەن كۆمپانیای هابیتات بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی حكوومەتی هەرێم، لە رێكەوتی 15ی ئەیلوولی 2001 لەسەر رووبەری 600مەتر دووجا بەگوژمەی 95 هەزار و 453 دۆلاری ئەمەریكی لە ماوەی 240 رۆژ  بەبێ دواكەوتن لە سەنتەری شارەدێی سیدەكان بەئەنجام گەیشتووە. 

گوندەژۆیی ئاشكرای دەكات: هەرچەندە ئەوكات بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان نەبووم، بەڵام بە بڕوای منیش دروستكردنی گەرماو هیچی سوودی بۆ سیدەكان نییە، بۆیە لە بەرنامەماندایە بیكەین بە مۆزەخانە تا زۆرینەی خەڵك سوودی لێ ببیینن. 

شایەنی باسە، شارەدێی سیدەكان بەدەست نەبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ژیان دەناڵێنێت، گەڕەك و كۆڵان و گوندەكانی ئەو دەڤەرە دنیایەك كەموكورتییان هەیە، گەرماوەكەش 15 ساڵە نەكراوەتەوە و هیچ سوودێكی بۆ حكوومەت و خەڵك نەبووە. 

ئەسعەد عەلی سەرۆكی شارەوانی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند: لەژێر رۆشنایی بڕیاری 986 بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراك لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات 13%ی داهاتی نەوتی كوردستان بەسەرپەرشتیی UN ڕەوانەی دەرەوە دەكرا، گەرماوی سیدەكان وەك پڕۆژەیەكی پڕ بایەخی كۆمپانیای "هابیتات" بۆ بەڵێندەرایەتی بە هەماهەنگی حكوومەت لە گەڕەكی مەیدانی سیدەكان چووە واری جێبەجێكردن.

ناوبراو زیاتر گوتی: پڕۆژەكە بەدیزاینی ئەندازیاری جوان جێبەجێ كراوە، بەداخەوە تا ئێستە سەرەڕای بانگەوازی بەردەوام بەهۆی نەگەیشتنی داواكاری بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردن، نەتوانراوە بەزیادكردنی ئاشكراش بیخەینە خزمەتی هاووڵاتییان و كەس ئامادەكاری تێدا نییە گەرماو لە سیدەكان بەڕێوە ببات، وێڕای تێپەڕینی 15 ساڵ تا ئێستە نەمانتوانیوە سوود لە گەرماوەكە ببینین.

شارەدێی سیدەكان ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ و  خاوەنی 250 گوندە، لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆرانە لە پارێزگەی هەولێر، سیدەكان بە دووری 142 كم لەوپەڕی باكوری شاری هەولێر هەڵكەوتووە.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی


وشە - كوردۆ شابان