كرتەی مل تەندروستە یا ترسناك؟

:: AM:09:22:12/08/2017 ‌

زۆر لە ئێمە یاخود كەسانی دەورمان ڕۆژانە یا بڵێین چەند جارێك لە ڕۆژێكدا بەهۆی بوونی ئازار و گرژبوونی شان و بڕبڕەكانی ناوچەكانی مل، هۆكار دەبێت لە ناتەندروستی و تەنانەت پەیدابوونی ئازاری كەلەی سەر بە بەردەوامی كە زۆرجار بەرپرس دەبێت لە تێپەڕاندنی ڕۆژێكی ناتەندروست و جەستەیەكی شەكەت و ماندوو، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتەش زۆرن ئەوانەی ملیان بەلادا دەتەقێنن و ئەمە بە هۆكارێك بۆ باشبوون دەزانن، بەڵام ئایا مل تەقاندن یان كرتەی مل تەندروستە یان زیانمەند و ترسناك؟

بەپێی سەرچاوە زانستییەكان كە باس لە چارەسەری ئەو جۆرە ئازارانە دەكەن كە بەشێوەیەكی زانستی لە ڕێی وەرگرتنی چارەسەرە ئازار شكێنەوەكانەوە دەبێت، هاوكات لەگەڵ پێدانی پشوو بە جەستە و دووربوون لە هەر جووڵەیەكی نەخوازراو كە ڕەنگە هۆكار بێت لە زیادكردنی ڕادەی ئازار بۆ تەواوی ڕۆژێك یاخود چەند ڕۆژێك بە بەردەوامی، یا ئەو چارەسەرەی كە باوە لە نێو خودی تاكدا بە شێوەیەكی بەربڵاو لە ڕێی جووڵەیەكی هەستیار و تایبەتی مل بە هەردوو لای راست و چەپدا بە ئاراستەی پشتەوەی جەستە كە بە "كرتەی مل" دەناسرێت، كە بەهەمان شێوە لە چارەسەری سروشتی بۆ جەستەی مرۆڤ پێڕەو دەكرێت بە مەبەستی نەهێشتنی‌ گرژی و خزاندن و جووڵەی بڕبڕەكانی مل و كەمكردنەوەی ئازار و نیشانە ناتەندروستەكان.

ئێستە پسپۆڕانی بڕبڕە و‌ ئێسك و شارەزایانی بواری چارەسەری سروشتی بۆ جەستەی مرۆڤ بە دوو ئاراستەی جیاواز باس لە تەندروستی یاخود ترسناكی ئەو جۆرە جووڵەیە دەكەن لە ئەگەری چارەسەركردن یاخود شێواندن و تێكدانی تەندروستی جەستە لە داهاتوودا.

پزیشكان باس لە ئەگەری خراپی ئەم جۆرە چارەسەركردنە دەكەن بە جۆرێك كە ڕەنگە پاڵەپەستۆی توند بۆ سەر بڕبڕەكانی مل هۆكار بێت لە روودانی خوێن بەربوون لە مێشك و روودانی ئیفلیجی مێشك لە داهاتوودا، هەر بەو هۆیەوە بە چارەسەرێكی پێویست نازانرێت كە تیایدا سەلامەتی تەندروستی لە ئاستێكی كەمە و ئەگەری دروستبوونی كێشەی تەندروستی درێژ خایەنی لێ دەكەوێتەوە و هەوڵی قەدەغەكردنی دەدرێت و هۆشیاری تەندروستی ترسناكی ئەو جۆرە چارەسەرە لە نێو كۆمەڵگە بڵاو دەكرێتەوە بە مەبەستی ئەنجام نەدانی. 

هاوكات پسپۆڕان لە بواری چارەسەری سروشتی باس لەوە دەكەن كە ئەنجامدانی "كرتەی مل" وەك هەر چارەسەرێكی تری پزیشكی لێكەوتی باش و خراپی هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستە تێبینی دەكرێت ئەو هاووڵاتییانەی بە بەردەوامی كێشەی هەڵئاوسان و ئازاری مل بەشێكە لە ژیانیان بە چارەسەرێكی زۆر سوودبەخشی ناو دەبەن و بەدەر لە بەكارهێنانی هیچ چارەسەرێكی پزیشكی تر.

ئەو جۆرە دەنگەی لە ژێر ناوی "كرتە" كە دەبیسترێن لە كاتی جووڵە پێكردنی بڕبڕەی مل و جومگەی پەنجەكان كە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی گرژبوون و هەڵئاوسان ئەنجام دەدرێن، بە پێی توێژینەوە زانستییەكان كە سەرچاوەكەی ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك وەك، ناجێگیری لە پەستانی لینجی نێو جومگە و بڕبڕەكان كە لە كاتی خزاندنی جومگە و بڕبڕەكان بۆشایی هەوایی دروست ببێت و لە ژێر پەستانێكی زۆر دەنگێكی هاوشێوەی كرتەی لێ دروست دەبێت، یا لە ئەنجامی جووڵەی ماسولكە و بەستەرەكان بەسەر ئێسكدا، یاخود لە ئەنجامی لێكخشانی ڕووی ئێسك بەسەر یەكتردا بەتایبەت لە كاتی داخوڕان و تەنك بوونی كركڕاگە لە بڕبڕەی ملدا.

ئێستە كرتەی مل بە جۆرێك لە جووڵە و وەرزشكردن بە بڕبڕەكانی مل هەژمار دەكرێت بەمەرجێك لە ژێر چاودێری و ڕێنوینی پسپۆڕانی چارەسەری سروشتی بێت بەمەبەستی دووربوون لە هەر ئەگەرێكی خراپی تەندروستی نەخوازراو.


د. تۆڵە فەرەج / بەریتانیا

*سەرچاوە: (دەزگەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانی NHS و دەزگەی هەواڵی Spine-healthی تەندروستی).




وشە - باز ئه‌حمه‌د