ئینێستا رەخنە لە هاندەرانی بەرشەلۆنە دەگرێ

:: PM:01:00:15/08/2017 ‌

ئەندرێس ئینێستای كاپتنی یانەی بەرشەلۆنە بەهۆی ئامادەبوونی رێژەیەكی زۆری هاندەری یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە یاریی كلاسیكۆی پێرێ یەكشەمدا، رەخنەی توندی لە هاندەرانی یانەكەی گرت.

پێرێ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كلاسیكۆی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دۆڕا، سبەی چوارشەمیش دووبارە هەردوو یانەكە لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

ئینێستا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی رایگەیاند: سەرمسوڕماوە لە هاندەرانی یانەكەم و بەهیچ شێوەیەك ئاسایی نییە لەنێو یاریگەی خۆت رێژەیەكی زۆری تیپی بەرامبەر ئامادەبن.

زیاتر گوتی: تا ئێستا نازانم هۆكارەكەی چی بووە و رەنگە بەهۆی سیستەمی فرۆشتنی پلیتی یارییەكانەوە بێت، بەڵام رووداوەكە ئاڵۆز و جێگەی سەرسوڕمانە.

ئینێستا داوای لە هاندەرانی یانەكەشی كرد لە یارییەكەی سبەی چوارشەمدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە رێژەیەكی زۆر ئامادەبن و پاڵپشتبن بۆ تیپەكەیان تا سەركەوتن بەدەست بێنن و قەرەبووی شكستی یاریی رابردوویان بكەنەوە.

لای خۆشییەوە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و كاپتنی دووەمی یانەی بەرشەلۆنە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) ئاماژەی بەوەدابوو كە یانەی بەرشەلۆنە دەتوانێ سبەی قەرەبووی شكستەكەی رابردوو بكاتەوە و لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م