باشیك داوای بەشداریكردن لە ریفراندۆم دەكات

:: PM:11:20:16/08/2017 ‌

دوای ئەوەی شارۆكەی خانەقین بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنەكەیەوە داوای بەشداری پێكردنی شارۆكەكەی لە ریفراندۆم كرد، ئەنجوومەنی شارەدێی باشیك وەك نوێنەری شەرعی جەماوەری شارەدێكە، داوا دەكەن كە پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بە هەمان شێوەی خەڵكی ناوچەكانی هەرێم بیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی شارەدێی باشیك لە راگەیاندنێكدا كە وێنەیەكی گەیشتە "وشە"، بە ناوی بڕیاری ژمارە (9)، رای گەیاند كە لەسەر داوای نوێنەرانی خەڵكی شارەدێی باشیك بە هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەیی و ئەتنییەكانییەوە، كە بریتین لە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی رۆحانیەتی ئێزدی و مەترانیەتی دێر مار مەتی سریان و هەموو موختارانی گوندەكانی سەر بەو شارەدێیە و پیاوماقووڵانی شەبەك و عەرەب و كورد و توركمان ، جیا لە ئەنجوومەنە كۆمەڵایەتییەكان لە باشیك و بەحزانی لە موسڵمان و ئێزدی، كە ئەوان هەر هەموویان یەك داوایان هەیە، ئەویش ریفراندۆمی 25ی سێپتێمبەر بیانگرێتەوە.

بەپێی راگەندراوەكە، ئەمڕۆ 16ی ئاب/ ئۆگەستس، ئەنجوومەنی شارەدێی باشیك كۆبووەوە و پێنجەم دانیشتنی خۆی ساز كرد بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو داوایەی سەرەوە، بۆیە دوای سەیركردن و تاوتوێكردنی، ئەنجوومەنەكەمان بڕیاری دا بەكۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر داواكردن لەلایەنی پێوەندیدار بۆ ئەوەی ریفراندۆم شارەدێی باشیكیش بگرێتەوە كە بڕیارە لە 25ی سێپتێمبەر ساز بكرێ، ئەوەش چونكە هەموو گەلێك مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و بتوانێت دوارۆژی خۆی دیاری بكات.

حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل