هۆكاری با و خۆڵبارین لە كوردستان ڕاگەیەنرا

:: PM:01:16:17/08/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، لەسەر شەپۆلی باران و خۆڵبارینەكەی شەوی ڕابردوو و ئەمڕۆ ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێ، خۆڵ و نمەبارانی ئەمڕۆی كوردستان لە دەریای سوورەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئاب/ ئۆگستس، ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو شەپۆلەی كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە دەریای سوور سەرچاوەی گرتووە و پێشبینی دەكرێت سبەی بەتەواوی كاریگەرییەكەی نەمێنێت.

هەروەها گوتی، ئەو جۆرە شەپۆلانە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە لە مانگی حەوت یان مانگی هەشت بەهۆی هاتنی پاڵەپەستۆیەكی نزم لە دەریای سوور، ئەو خۆڵبارینەشی لەگەڵ ڕەشەباكە بوو، وردە وردە كەم دەبێتەوە و كاریگەری نامێنێت.

ئەژی دەڵێ، لەسبەی ڕۆژی هەینی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان ئاسایی دەبێتەوە و ئەو بایەشی هەیە نامێنێت.

لەشەوی ڕابردووەوە و شەپۆلی ڕەشەبا و تۆز و خۆڵ لەگەڵ نمەبارانێك هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە، لەچەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان باران باریوە.

هەرێمی كوردستان بەشی بارانی وەرزییە و لە كۆتای وەرزی پایز و تا سەرەتای بەهار بارانبارین بەخۆوە دەبینێت.



وشە - رامیار جەواد