بەسەرچوونی خۆراك چییە؟

:: AM:09:15:19/08/2017 ‌
* ئایا خۆراكی بەسەرچوو ناتەندروستە و ناشێ بۆ خواردن؟
* چەند جۆر لە دەستەواژە بەكار دێن بە مەبەستی دیاریكردنی كاتی بەسەرچوون؟ 

دەزگە تەندروستییەكان و كارگەكانی بەرهەمهێنان و بە بازاڕكردنی خواردەمەنی، بە بەردەوامی گرنگییەكی زۆر بە دیاریكردنی بەرواری بەسەرچوون لە بەروبوومی خۆراكی دەدەن لە كاتی بە بازاڕكردنی بەرهەمی خۆراكی سروشتی و ئامادەكراو، كە هاووڵاتییان زۆرینەی كات لە كاتی كڕینی خواردەمەنی هەوڵ دەدەن بەرواری بەسەرچوون لەژێر ناوی Expiry date بدۆزنەوە و دڵنیابن لە سەلامەتی خواردنی ئەو بەرهەمە خۆراكییانە، بەڵام ئەگەر بپرسین ئاخۆ هەركات خۆراك بەسەرچوو، ئەوا ناكرێت بخورێت و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت؟ یا دەكرێ لە رووی بەرهەمهێنان و بەبازاڕكردنی خواردەمەنی چەند جۆر لە دەستەواژەی بەسەرچوون تێبینی بكرێت لەسەر خواردەمەنییەكان جگە لە دەستەواژەی باوی Expiry date؟

بەشێوەیەكی گشتی بەسەرچوونی خواردەمەنی بە مانای نەشیاوی خواردنی هەر بەرهەمێكی خۆراكی دێت، بەڵام لە ڕاستیدا توێژینەوە زانستییەكان‌ لە ڕووی شیكردنەوەی بەرهەمە خۆراكییە‌كان لە دوای بەسەرچوونی چەند زانیاریەكی نوێ دەخەنە بەردەستمان، بەو پێیەی هەركات خۆراك بەسەرچوو ئەو مانایە ناگەیەنێت كە ئەو جۆرە خۆراكە نەشیاوە و نابێت بخورێت، بەڵكو باس لە پێكهاتە خۆراكییەكان دەكات كە لە دوای بەرواری بەسەرچوون هەریەك لە (تام و ‌بۆن و پێكهاتە)ی بەرهەمە خۆراكییەكان‌ لە ئاستی بەرزی بەرهەمێكی نوێ Fresh نامێنن، هاوكات ئەوە ناگەیەنێت كە ناشێت بۆ خواردن، بەڵكو لە ڕووی جۆریەتی و پێكهاتە گرنگەكانی ئەو خۆراكە جەستە ناتوانێت سوودی لێ ببینێ، بە جۆرێك باس لە شێوازی هەڵگرتنی ئەو بەرهەمە خۆراكییانە دەكات ئەگەر بە شێوازێكی تەندروست هەڵبگیرێن و پارێزراو بن، ڕەنگە هۆكار بێت لە پاراستن‌ و‌ نەشێواندنی خۆراك بۆ چەند ڕۆژێك لە دوای بەرواری بەسەرچوون و بە پێچەوانەوەش،‌ بەڵام خواردەمەنی تایبەت بە منداڵان و شیرەمەنییەكان بە هیچ جۆرێك نابێت لە دوای بەرواری بەسەرچوون بەكار بهێنرێن كە هۆكارێكی ترسناك دەبن لە سەرهەڵدانی كێشەی تەندروستی كوشندە.

لەبارەی دەستەواژەی جیاوازی مێژووی بەسەرچوون كە لەسەر خواردەمەنییەكان دەبینرێن دەكرێت بە شەش شێوازی جیاواز ئاماژەی پێ بكرێت جگە لە دەستەواژەی Expiry date، كە بەپێی جۆری بەرهەمە خۆراكییەكان دەگۆڕێت، دەستەواژەی Sell by date بەو جۆرە مێژووە دەناسرێت كە تایبەتە بە دووكاندار و خاوەن فرۆشگە كە ئاماژەیە بۆ ئەو مێژووەی كە دەتوانرێت ئەو بەرهەمە خۆراكییانە بۆ ئەو ماوەیەی كە ئاماژەی پێ كراوە بەبازاڕ بكرێن و بەرهەمەكان لە ئاستێكی بەرزی جۆریەتی بن و دەكرێت بۆ چەند ڕۆژێك لە دوای ئەو مێژووە بەكار بهێنرێن، بەڵام بە ئاستی جۆریەتی كەمتر یاخود هەر لەگەڵ كۆتا مێژوو لە پرۆسەی بەبازاڕكردن دوور بخرێنەوە، دەستەواژەی Best before date كە بە دەستەواژەیەكی زۆر تایبەت بە بەرهەمەكانی شیرەمەنییەكان دادەنرێت بە جۆرێك لە وادەی تێپەڕێنراوی ئاماژە پێكراو، ئەو خواردەمەنییانە ترسناكن لە ڕووی شێواندنی تەندروستی و‌ هاوكات تێكچوونی جۆریەتی، هەر بەو هۆیەوە بە هێچ جۆرێك نابێت لە دوای ئەو مێژووە ئەو خواردەمەنییانە بەكار بهێنرێن، دەستەواژەی Born on date بە مێژووی بەرهەمهێنان ناو دەبرێت تایبەت بە خواردنەوە كحوولییەكان كە دەكرێت بۆ چەند مانگێك لەو مێژووەوە بەكار بهێنرین، بە جۆرێك ڕێنوێنییەكانی گواستنەوە و هەڵگرتن بە شێوەیەكی گونجاو جێبەجێ بكرێت وەك ئەوەی كە كۆمپانیای بەرهەمهێن ئاماژەی پێ كردووە، دەستەواژەی Guaranteed fresh date تایبەت بە بەرهەمی هەویركاری بەكار دێت كە تێیدا مێژووی نوێیەتی بەرهەمەكان نیشان دەدات و دەكرێت لە دوای ئەو مێژووە بەرهەمەكان بخورێن، بەڵام لە ئاستێكی‌ نوێ Fresh نابن، دەستەواژەی Use by date بە كۆتا ڕۆژی بەكارهێنانی بەرهەمە خۆراكییەكان دادەنرێت‌ كە لە ئاستێكی بەرزی‌ جۆریەتی بێت و جەستە سوود لە پێكهاتەی خۆراكی ببینێت، دەستەواژەی Pack date كە بە شێوەیەكی تایبەت بۆ خواردەمەنی لە قوتوونراو و پێچراو بەكار دێت لە مێژووی ئامادەكردن كە دەكرێت بۆ چەندان مانگ جۆریەتی پارێزراو بێت و بەشێوەیەكی تەندروست‌ بەكار بێت. 


د. تۆڵە فەرەج / بەریتانیا
*سەرچاوە/ ماڵپەڕی تەندروستی WebMD.


وشە - باز ئه‌حمه‌د