داعش گۆڕانكاری لە نوێژەكان دەكات

:: AM:09:39:10/10/2016 ‌
چەكدارانی داعش لە ڕێگەی مزگەوتەكانەوە، هاووڵاتییان ئاگادار دەكەنەوە لەسەر گۆڕانكاری لە شێوازی نوێژەكانیان.

سەرچاوە هەواڵییەكان كە زانیارییان لەناو شاری مووسڵ دزە پێ كردووە، ڕایان گەیاندووە كە ماوەی دوو ڕۆژە داعش لە ڕێگەی گوتارخوێنەكانەوە، ئاگاداری هاووڵاتییانی كردووەتەوە كە كاتی نوێژەكان كەم دەكرێتەوە لە پێنج كاتەوە بۆ سێ كاتی نوێژ، ئەوەشی سەرپێچی بكات سزا دەدرێت .

سەرچاوە هەواڵییەكان ئاماژەیان بەوەش داوە كە داعش ئەم بڕیارەی لە ڕێكەوتی 15ی تشرینی دووەمەوە دەخاتە بواری جێبەجێكردن و ئەم سێ كاتەی نوێژیش بریتین لە بەیانیان، نیوەڕۆیان (نوێژی نیوەڕۆ و عەسری لێ دەكرێ) و شەوانە (نوێژی ئێوارێ و شێوانی لێ دەكرێ)، هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات، بە توندی سزا دەدرێت .

داعش سزای سەرپێچیكاریشی داناوە كە بریتییە لە لێدانی 30 جەڵتە بۆ هەر كەسێك ئەم بڕیارە جێبەجێ نەكات و جگە لەو كاتانە بچێتە مزگەوتەوە.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە پێشتر چەكدارانی داعش چەندان بڕیاری قەدەغەكردنی تریان داوە، لەوانە نەخواردنی ترشیات، سەیركردنی تۆپی پێ، بەكارهێنانی خشڵ و زۆری تر.

وشە/ رامیار جەواد
پێداچوونەوە: ك.ش


وشە - كوردۆ شابان