ئایا چارەسەر بە "چاندنی پیسایی" لە مرۆڤدا بوونی هەیە؟

:: AM:11:33:20/08/2017 ‌

* ئەگەر پیسایی بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دابنرێت، چۆن دەكرێت بە چارەسەر؟
* هۆكارەكانی بەكارهێنانی پیسایی مرۆڤ وەك چارەسەر چین؟ 

بە هاوبەشی هەریەك لە زانكۆی لەندەنی بەریتانی و زانكۆی كالیفۆرنیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەیەكی تەندروستی ترسناك دەگەن بە دۆزینەوەیەكی تەواو نامۆ بۆ لەناوبردنی جۆرە بەكتریایەك لە ڕیخۆڵەی نەخۆش كە ناسراوە بە Clostridium difficile لە پێناو پاراستنی ژیانی تووشبووان لە كوشندەیی ئەو جۆرە زیندەوەرە وردبینە.

بەكتریایی جۆری C. difficile بەوە دەناسرێت كە لە ڕیخۆڵەی مرۆڤ گەشە دەكات بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە ئەنجامی ئاستی نزمی پاك و خاوێنی كە تێكەڵ بە خۆراك و ڕووی كەلوپەلە جیاوازەكانی دەوروبەرمان دەبن، دەگوازرێنەوە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر كە هۆكارە لە بڵاوبوونەوەی پێكهاتەی ژەهری ترسناك لە جەستەی و دەركەوتنی نیشانەكانی (سكچوونی بەردەوام، ئارەزوو نەكردنی خواردن، لەدەسدانی كێش، وشكبوون، هەوكردنی قۆڵون و مردن)، بە جۆرێك لە ساڵانی 2011 بە نزیكەی نیو ملیۆن هاووڵاتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جەستەیان بە شێوەیەكی چڕ بوو بە هەڵگری ئەو جۆرە بەكتریایە، لە ماوەی تەنیا 30 ڕۆژدا نزیكەی 29 هەزار كەس لە ئەنجامی نیشانە كوشندەكانی ئەم بەكتریایە گیانیان سپارد، بێ ئەوەی بتوانرێت چارەسەری خێرای گونجاویان‌ بۆ بكرێت بە مەبەستی لەناوبردنی بەكتریای زیانبەخشی ناسراو بە C. difficile.

لە دوای هەوڵدان له بەكارهێنانی دژەزیندەگی تایبەت لە نەهێشتن و وەستاندنی گەشەی ئەم جۆرە بەكتریایە، وا دەركەوت كە كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر لەناوچوونی بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە و زیاتر ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ گەشەی بەكتریای C. difficile، هەر لەبەر ئەو هۆكارە بیر لە پرۆسەی چاندنی پیسایی ناسراو بە Fecal Transplant كرایەوە بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێیەكی ئەڵتەرناتیڤی زانستی بۆ لەناوبردنی بەكتریای زیانبەخش بێ ئەوەی زیان بە بەكتریا سوودبەخشەكانی كۆئەندامی هەرس بگەیەنێت، هۆكارێك بێت لە زیادكردنی بەكتریای سوودبەخش لە مرۆڤدا كە ئەویش لە ڕێی دووبارە چاندنەوەی پیسایی كەسانی تەندروست بوو لە ڕیخۆڵەی كەسانی نەخۆش بە ڕێی Colonoscopy كە توانرا بە ڕێژەی 85% بۆ 90% سەركەوتوو بن لە بنەبڕكردنی بەكتریای زیانبەخش  لە كەسانی تووشبوودا.

ئێستە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، نزیكەی 500 بنكەی تەندروستی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چارەسەری چاندنی پیسایی كەسانی تەندروست بۆ كەسانێك كە هەڵگری ئەو جۆرە بەكتریایەن. هاوكات ئەو جۆرە پرۆسەیە لە ژێر چاودێری چڕی پشكنین دەبێت، بە جۆرێك‌ پێویستە تەواو دڵنیابن لە نەبوونی هیچ جۆرە نەخۆشییەك‌ كە لە ڕێی پیسایی بگوازرێتەوە لە كەسی بەخشەر و چاودێری كەسی نەخۆش لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەكە بە مەبەستی دڵنیایی لە نەبوونی هیچ لێكەوتێكی نەرێنی بە هۆی ئەنجامدانی پرۆسەی Colonoscopy. 

د.تۆڵە فەرەج / بەریتانیا
* سەرچاوە/ بڵاوكراوەی زانستی BMJ و ماڵپەڕی هەواڵی تەندروستی CBS.



وشە - باز ئه‌حمه‌د